چارەڕەشەکان

نووسینی: ویکتۆر هۆگۆ
لە کتێبی:
کۆی بەرهەمی قزڵجی
بەرهەمی:
حەسەن قزڵجی (1914-1985)
 10 خولەک  744 بینین

ئەو شەوە شەوێکی بە با و بۆران بوو. زنجە نابووتەکە تاک و تەنیا لە قەراخ دەلیا مابووەوە، لەو تاریکاییەدا ژوورەوەی زنجەکە ڕۆشن و ڕووناک بوو، لە لایەکەوە تۆڕی ماسیگرتن بە دیوارەوە هەڵاوەسرابوو، لە لایەکی تریشەوە قەرەوێڵەیەک ئەبینرا لە تەنیشتییەوە پێنج مناڵی بچکۆلە لەسەر جێگە و بانێک کە لە سەری قەرەوێڵەکە ڕاخرابوو نووستبوون، بڵێسەی ئاگری سووری ئاگردانەکە کە ڕووناکیی دابووە بنمیچەکە.. دایکی مناڵەکان کە ژنی ماسیگرێک بوو، سەری نابووە سەر سەرین، وە لە سەر خۆ دۆعای ئەخوێند.

وت و وێرەی خەفەتاوی و خەیاڵی بە ترس و سام ئارامی لێ هەڵگرتبوو، ژنەکە تاک و تەنیا، هەر بە تەواو تەنیا وە زۆر بە وردی و شپرزەیی گوێچکەی لە هەرا و هوریای دەرەوە گرتبوو ترس و پەشێوی تەنگەتاوی کردبوو، خەم و خەفەت دڵەتەپەی پێخستبوو.

لە دەرەوە، لە پشت دەلاقەی زنجەکە دەریای شڵەژاو ئەیلرفاند، هەموو جێگەیەکی لە چنگی خۆیا ئەگڵۆفی، دەریا هاژەی ئەهات و، بە شەپۆلە سپییە کەفاوییەکانیەوە خۆی بە قەراخدا ئەدا، لە هاژەی دەلیا ترس و پەشێوی و، لە ناڵەی با و بۆران خەم و خەفەت هەست ئەکرا، خاوەنی زنجەکە کابرایەکی ماسیگر بوو کە ئەو ڕۆژە دەمی خۆراوا چووبووە دەلیاوە وە هێشتا نەگەڕابووەوە، چەند ساتێکی دوور و درێژ بوو لە گەڵ با و بۆراندا دەستەویەخە بوو، لە تەک شەپۆلەکاندا ئەجەنگا.

لە ساڵانی هەرە زووی مناڵییەوە ناچار بوو مل بۆ فەرمانی ژیان ڕاکێشێت و خەریکی کاری پڕ لە مەترسیی ماسیگری بێت. لەمێژ بوو خووی بەم ژیانەوە گرتبوو، بە باران، بە با و بۆران، بە کڕیوە و گەردەلوول و سەهۆڵبەندان، تەنانەت لە سەختترین و ئاڵۆزترین کاتی دەلیادا ئەچووە دەلیاوە، وەک مەرگ بە لایەوە شتێکی باو و بەردەم و دەستان بێت، گوێی بە هیچ شتێک نەئەدا و هەمیشە بە خۆی ئەگوت:

مناڵەکان نانیان ئەوێت، نابێ لە باو و بۆران بترسم، ئەبێ بڕۆم بەربەرەکانێ لە گەڵ ژیان و لە تەک شەپۆلە ورووژاوەکاندا بکەم، هەمیشە بەم بیروڕایەوە تاک و تەنیا سواری گەمیەکەی ئەبوو، ئەڕۆیشتە ناو گێژاوەوە، شەپۆلی دوابڕاوەوە.

چەند ئازایی ئەوێت؟ چەند کامەرایی ئەوێت کە ئینسان بتوانێ خۆی بە شەپۆلەکانی دەلیا بسپێرێت و لە گەڵ ئەوەشدا بە گژ شەپۆلەکاندا بچێت، چەند گرانە ئینسان بتوانێ بەربەرەکانیی گێژاو و دەلیای شڵەژاو بکات؟ ئەم کارە شان و باهۆیەکی بەهێز و بتەوی ئەوێت، کاتێ گەردەلوول شەپۆلەکان وەک ماری شەڕانی بە لێواری گەمیەکەدا هەڵئەگەڕێن و ڕەنگ بێ لە ترسی با بێت کە شەپۆلەکان ئەناڵێنن و بە کەفی سپی ئەڕشێنەو.

«ژانی» ی ژنی ماسیگر هێشتا نەخەوتبوو، بە خەبەر بوو، حەزیشی بکردایە نەیئەتوانی بخەوێ، شپرزەیی و پەشێوی بواری نەئەدا ئارام بگرێ، گرمەگرم و ناڵە و نرکەی ئەم شەوە پڕ لە گەرد و لوولەی ئەهاتە گوێ و ناچاری ئەکرد لە کەمترین و بچووکترینی ئەوانە گوێ بگرێت.

جاروبار دەنگی گڕ و بێفەڕی مەلە دەلیاییەکان ئەهات و ئەم قاووقیژە مێردەکەی ئەهێنایە بەرچاوی کە لە گەمییەکەیدا دانیشتووە و لە ناو شەپۆلانی سامناکدا بەرز و نزم ئەبێتەوە، ژانی سەری خۆی نابوو بە سەرینی مناڵەکانییەوە و کەوتبووە پەرۆش و پەژارەیەکی قووڵەوە...

لە دڵی خۆیا ئەیگوت: ئای ژیان بە هەژاری و دەستەنگی چەند سەختە، دەستەویەخە بوون لە گەڵ بێپارەیی و نەبوونیا چەند گرانە؟ ئێمە بەم هەموو ڕەنجدان و مەینەتکێشانەوە تەنیا نانی جۆمان دەس ئەکەوێت خێزانەکەمان هەموو پێخاوسن، بە درێژایی عومرمان ئەبێ سەبر بگرن، ڕەنج بدەن، مل لە ملی هەژاری بنێن، بچی؟ ئاخر بۆچی؟ لەبەر چی؟

بۆران توندتر ئەبوو، دەلیا ئەیلرفاند، شەپۆلەکان وەک کێو ئەدران بە قەراخا، پرش و بڵاو ئەبوونەوە، لە ناو هەور و مژی دەریادا، جاروبار ئەستێرەیەک کوتووپڕ ئەدرەوشایەوە، وەک پزیسکێک لە کوورەی ئاسنگەردا لە ناو دووکەڵدا بریقە بداتەوە و لەناوبچێ، ئەم ئەستێرەش خێرا گوم ئەبوو.

شەوگار شەق بووبوو، بێگومان لەو کاتەدا بەختەوەران، دەوڵەمەندە پارەدارەکان، بە خۆشی و شادی خەریکی ڕابواردن و خواردنەوە و سەما و هەڵپەڕکێ بوون، بەڵام لەم ساتەدا ماسیگر لە چ حاڵێکا بوو؟

ئەو بەدبەختە، بێچارە، ڕەنگ هەڵبزرکاوە، پاڵتاوە چەرمینەکەی بە شانیا دابوو، لە تاریکایی تەم و مژاوی دوا بزاوی شەودا لە گەمیەکەیدا دانیشتبووچاوەڕوانی چارەنووس ئەکرد...

پەیتا پەیتا بەرەو پێش ئەڕۆیشت، بەڵام نیشانەیەک لە قەراخ نەبوو، ژانی، ژنە چارەڕەش و چاوەڕوانەکەی تارمایی سامناک و دزێو و بە ترسی یەک لە دوای یەک ئەهاتە بەرچاو، دڵی بە پەرۆش و پەژارە تەنگ و گیرابوو، چاوی فرمێسکی هەڵئەوەراند و بە ناچاری و بە لێوە لەرزە پەیتا پەیتا ئەیگوت:

خوایە! چەندە ماسیگر لە بنکی دەلیادا خەوتوون، ئەوانە هەموویان لە شەوێکی وەک ئەم شەوەدا ڕۆیشتوون و نەگەڕاونەتەوە.

ژانی فانۆسی هەلگرت: بە بیریا هات وەختێ ئەوە هاتووە بچێ بە پێشوازیی مێردەکەیەوە. لە دڵی خۆیا ئەیگوت: ئەبێ دەلیا هێشتا ئارام نەبووبێتەوە؟ بەشکم هەوا ڕوون بووە و باران لە توند و تیژی کەوتووە، با بڕۆم بزانم بورجی چاوەدێڕی ڕووناک بووە؟ لە زنجەکە هاتە دەر، بۆ بەیانی زۆری مابوو.. مژێکی توند سەرانسەری ئۆقیانووسی داپۆشیبوو، دەلیا هەر وەک پێشوو بەڵکوو توندتر ئەیلرفاند و بارانیش دایکردبوو...

ژانی بە زەحمەت وەک کوێر بە پەلەکوتە ئەڕۆیشتە پێشەوە، کوتووپڕ تووشی زنجێکی تاریک هات، ئەم زنجە تەواو لە تاریکاییدا نوقم بووبوو، نە چرایەکی تیا ئەسووتا و نە ڕۆشناییەکی لێوە ئەبینرا، با بە توندی لە بانە پڕ لە کون و کاژێرەکەی ئەدا و گڤەگڤی ئەهات و نزیک بوو بە جارێ زنجەکە لە بن هەڵکەنێت.

ژانی پشوویەک وەستا و بیری کردەوە: ئەمە زنجی دراوسێ نەخۆشەکەمانە، ژنە چارەڕەشەکەی لە شەوێکی وادا و لەم تەنگانەیەدا تەنیایە. با بچم بزانم پێویستییەکیان نییە؟ بە ڕاستی خەم و دەردی ژیان و بەدبەختی بە جارێک ئەوی لە بیر بردوومەتەوە. دوێنێ مێردەکەم ئەیگوت زۆر تەنگانەیەتی ئەبێ هەر بیبینم... ژانی توند لە دەرگای دا، دەنگ نەبوو، لە دڵی خۆیا ئەیگوت: زگم پێی ئەسووتێ! هەژارە... ئەو لە ئێمە هەژارترە، مناڵەکانی باوکیان نییە و بێکەسن، دیارە ئەوانیش وەک خۆمان هیچیان نییە بیخۆن! هەر هەژارانن دڵیان بۆ حاڵی یەکتر ئەسووتێ، ژانی لە دەرگای ئەدا و بانگی ئەکرد، بەڵکوو کەسێک گوێی لە دەنگی بێت و دەرگاکەی لێ بکاتەوە، بەڵام دەنگی لە ناو گرمە و گڤەی با و بۆراندا گوم ئەبوو، وەڵامێک نەئەگەیشت، لەناکاو لەبەر توند کوتانی ئەو دەرگاکە کرایەوە، ژانی چووە ژوورەوە، زنجە تاریکەکەی بە ڕۆشنایی فانۆسە کزەکەی خۆی ڕووناک کرد، بەڵام هەوەڵ هەنگاو لە ترسا لە جێی خۆی وشک بوو، لە قوژبنێکا ژنە دراوسێکە بێ چرکە کەوتبوو، قاچی نوشتابووەوە و دەمی داچەقابو، گیانە بەدبەخت و ڕەنجاوەکەی، ئەوی بەجێ هێشتبوو، لە هەموو ژیان پاش عومرێک بەربەرەکانیی هەژاری و دەستەنگی تەنیا ئەم لەشە سارد و سڕەی لێ بەجێ مابوو، لە تەنیشت ئەم لەشە سارد و سڕەوە، دوو مناڵەکەی خەوێکی خۆش و شیرینیان لێ کەوتبوو، دایکەکە وەختی خەوتن سەرپۆشە شڕەکەی خۆی پیا دابوون، تا سەرمایان نەبێ.

لە پاش تاوێک ژانی لەوێ هاتە دەرەوە، دەستی ئەلەرزی و بەتانییەکی پێچابووەوە و بە زەحمەت هەڵیگرتبوو..

بۆچی وا دڵەتەپەی پێکەوتبوو؟ بۆچی لنگی ئەلەرزێ؟ بۆچی لە ترسانا ئەیڕوانییە دەوروبەری خۆی؟ کە گەیشتە ماڵەوە تەم وردە وردە لە قەراخ دەلیا ئەڕەوییەوە.. ژانی بە پەشۆکاوی و ڕەنگ بزڕکاوی لە سەر کورسییەک لە تەنیشت جێگەوبانەکەوە دانیشتبوو، هێشتا چاوەڕێی مێردەکەی بوو، دیسان پەرۆشی و پەژارەیی هوروژمی هێنابووە سەری ئەوەندەی نەمابوو لە خەفەتا دڵی بتەقێ، لە ژێر لێوەوە ورتەورتی بوو، بە خۆی ئەگوت:

ئەم کارە چی بوو من کردم! مەگەر مێردەکەم دەرد و خەمی کەم بوو؟ ئەو بۆ بەخێو کردنی خۆم و پێنج مناڵەکەم لە مەینەتایە، ئێستا ئەمانەشی لێ زیاد بوو، ئای خوایە... ئەڵێی مێردەکەم هاتەوە، نەء خاترجەم داڵغە لێ ئەدەم، وا دیارە هیچ کەس نییە، ڕۆژگارێکی ڕەشە، ئێمە خۆمان هیچمان نییە بیخۆین، کارێکی باشم نەکرد، بەڵام ئەی چیم بکردایە؟ بێگومان مێردەکەم لێم ئەدا، خۆم ئەزانم شایانی لێدانم، ئەڵێی هاتەوە! نەء دەنگی بایە! خوایە من چەند گەوجم، بە درێژایی شەو چاوەڕێی بووم کەچی ئێستا لە هاتنەوەی ئەترسم! ژانی، دڵتەنگ و ماندوو، سەری کردبووە سەر دەستی و خەوێکی ئاڵۆزی لێکەوتبوو.

ئیتر لرفەی دەلیا و ناڵەی با نەئەبیسرا، لە پڕێکا دەستێکی قورس و قایم دەرگای زنجەکەی کردەوە، ڕووناکیی کەم ڕەنگی بەیانی لە لابەلای دەرگاکەوە دایە ناو زنجەکە و لە گەڵ ئەم ڕوناکییە کابرای ماسیگریش هاتە ژوورەوە بانگی کرد: هاتمەوە!..

ژانی ڕاپەڕی و بە دڵخۆشی هەستا و دەمی نا بە پاڵتاوە زبر و خووساوەکەیەوە و ماچی کرد مێردەکەشی ئەوی گرتە باوەش و ئەیڕوانییە چاوەکانی. ژانی بە هەناسەبڕکەوە گوتی: خۆشەویستەکەم ئاخرەکەی هاتیتەوە! خۆ بێوەی و ساغی؟ نێچیرێکت دەست کەوتووە؟

ماسیگر گوتی: نێچیر نەبوو! سەوڵەکەم لە دەست دەرچوو! تۆڕەکە دڕا! زۆری نەمابوو تیابچم، چارە چییە؟ ئێستە پێم بڵێ بزانم مناڵەکان ساغن! هەوایەکی چەند ناخۆشە! وەخت بوو نوقم بم! چەند جار کەوتمە گەرووی مەرگەوە! ئەی تۆ پاش من خەریکی چی بووی؟

ژانی گوتی: چاوەڕێی تۆ بووم، تۆزێ درومانم کرد، وەخت بوو لە ترسا بمرم، زۆر پەرۆشی تۆ بووم، بە درێژایی شەو دەلیا ئەیلرفاند، مناڵەکان چاکن، تۆ ئەزانی شتێکی زۆر خراپ ڕوویداوە؟ من دەمەو بەیان چوومە لای دراوسێکەمان، چارەڕەشە دوێ شەو مردووە! مناڵەکانی تەنیا و بێسەرپەرشت ماون. ژانی هەژار کە ئەم قسانەی ئەکرد لەبەر شپرزەیی و پەشێوی ڕەنگی بزڕکابوو. نەیئەتوانی قسەکانی بە ڕێکوپێکی بکات، لە لێدان ئەترسا، وەک کارێکی خراپی کردبێت. دیسان گوتی:

مناڵەکان زۆر وردن، کچە گەورەکەی تازە پێی هەڵگرتووە!

ماسیگر تاوێک بیری کردەوە و لە پاشان گوتی: قوڕبەسەرانە چەند خراپیان لێ قەوماوە! بێگومان ئەفەوتێن! کێ بەخێویان ئەکات؟ خەڵکی ئەم دێیە هەموویان هەژارن! هیچیان نییە خۆیان بیخۆن. من زۆر حەز ئەکەم ڕایان بگرم، بەڵام خۆمان پێنج مناڵمان هەیە.. چی بکەین؟!

ماسیگر بە خەم و خەفەتەوە کڵاوە جووساوەکەی فڕێدایە قوژبنێک و لە ژێر لێوەوە گوتی:

نەء! بیر کردنەوەی ناوێ! ئێمە پێنج مناڵمان هەیە! ئەوانیش دوانن.. باشە ئەبنە حەوت، ناتوانین وازیان لێبێنین ئەم مناڵانە وەک تووتە سەگ بمرن خۆ ئێمە ئینسانین! ئەمجار دەنگی هەڵبڕی و گوتی: ژانی! ڕاکە بچۆ بیانهێنە! بێگومان زۆر ئەترسن! دایکیان لە سەرەمەرگا لای وابووە ئێمە نایەڵین تەنیا بن. من ڕایان ئەگرم! بەڵکوو خوا سەبارەت بەوان نەچیری باشمان بداتێ! گەورە ئەبن و یارمەتیمان ئەدەن، ژانی کە لای جێگە و بانەکەوە هەڵتروشکابوو، وە فرمێسکی شادی لە چاوی هەڵئەوەری، بەتانییەکەی لە سەر لادان و گوتی: مناڵەکان دەمێکە لێرەن!..