نەخۆشی تاوانکار

«لە ئەدەبی فارسییەوە وەرگیراوە» نووسەر: حەبیب
لە کتێبی:
کۆی بەرهەمی قزڵجی
بەرهەمی:
حەسەن قزڵجی (1914-1985)
 24 خولەک  913 بینین

ڕەنگە هێندێ لە تووڕە و کەم چیکڵدانەکانی ئەو شارە ڕەخنە بگرن و ببنە هۆی دەردیسەری، تەنانەت لەوەش ئەترسم کە چەند کەسێکیان لەگەڵ ئەم چیرۆکەیان خوێندەوە دەست لە ئیش و کاریان هەڵبگرن، مەینەتی سەفەرێکی چەند ڕۆژی بەرخۆیان بخەن و لەو ڕێگە دوورەوە بۆ کوشتنی من بێنە تاران، چونکە خەڵکی ئەو شارە ئەوەندە ئازا و بەجەرگ و تووڕەن. ئەم شارە یەکێکە لە شارە دوورە تورک نشینەکان. لە زووەوە ناوبانگی هەیە کە نووکی سمێڵی پیاوەکانی خوێنی لێ ئەتکێ و مۆڕ بوونەوەی ژنانیشیان زاوری شێر ئەچوێنێ! سەبارەت بەمە ناوی شارەکە بە نەگوتراوی ئەهێڵمەوە، وە ناچاریشم ناوی دوکتۆریش نەبەم، تەنیا «دوکتور» بەسە. لێت ڕوون بێ تۆیش ئەیناسیت، لەناوە ناسراوەکانە. دوو سێ ساڵ لەمەوپێش کە لە فەرەنگستانەوە هاتەوە، تەمەنی نزیکەی سی ساڵ بوو، ڕۆژنامەکان بە گەرم و گۆڕییەکی زۆرەوە نووسیان کە چەند دیپلۆمی دوکتۆری و پڕۆفیسۆری لە چەند ڕشتەی جیاجیای پزیشکیدا وەرگرتووە. لە تارانیشا زۆر بۆی هات. چونکە لە چینی خاوەن پارە و دەستەڵاتدار بوو. بە چەند سەد هەزار تمەنێک دوکتۆر خانەیەکی ناوازە و ئەنتیکە و پڕ لە ئەسپابی پێکەوەنا، هۆدەی چاوەڕوانییەکەی زۆر زوو بووە جێگای گلیر بوونەوەی شۆخ و شەنگترین ژنانی تاران، وە خۆشی جوان و ئێسک سووک بوو. پارەکە، تۆزێ لەم وەختانە زووتر، لە لایەن وەزارەتخانەیەکەوە کە مووچەیەکی زۆری لێ وەرئەگرت، وە ئیشێکی بایەخداریشی بۆ نەئەکرد، فەرمانێکی وەختی بەرز و پڕ لە قازانجی پێ سپێررا، دوو ئوتۆمبێلی فۆرتی نوێیشی درایە دەست تا بە لیوا باکوورییەکانا بگەڕێت و ئەو فرمانە پێکبێنێ. ڕۆژی چوارەمی سەفەرەکەی گەیشتە ئەو شارە، ئەو شارەی کە لە ناوهێنانی ئەترسم. وەختێ ئوتۆمبیلەکەی گەیشتە جادە تازەکێشراوەکەی ئەو شارە، لە خۆیەوە گوتی:

- شوێنێکی چ ناسک و زەنوێرە! بەڕاستی ئەو شارە ناسک و زەنوێرە، دەوران دەوری فرسەق بە فەرسەق زەوی و زاری پڕ پیت و ئاوایی گەورە و دەوڵەمەند و تا چاو هەتەر ئەکا شیناوەرد و کشتوکاڵە. جگە لەمەش کەژ و کێوی بەرز، بنار و پێدەشتی جوان، مێرگ و میرغوزاری نازاو، چەم و ڕووباری بە هاژەهاژ، کانی و چاوگە و کارێزی پڕ لە ئاوی هەیە. وە لە هەموو بەخششانی تەبیعەت تا ئەوپەڕی خەیاڵ بەشی وەرگرتووە. خەڵکێکی ڕەنگ و ڕووخۆش و جوان و دڵڕفێنیش بەرهەم دێنێ. ژن و کچی ئەوێ، کە گیرۆدەی پەچە و عەبان، ئەگەر ئەو چارشێوە ڕەشە فڕێ دەن باسی جوانییان لە هەموو وڵات، بەڵکوو لە سەرانسەری دنیادا دەنگ ئەداتەوە. ئوتۆمبیلچییەکەی دوکتۆر کە لەو ناوچەیەدا زۆر شارەزا بوو کە تاریفی شارەکەی لێ بیست بە زمان لووسی گوتی:

- دوکتۆر بەگ ناسک و زەنوێرییەکەی لەوێ بوەستێ، کانگای ژنان و کچانی جوان و نازدارە! دوکتۆر بزەیەکی هاتێ و وەڵامی نەدایەوە، بەڵام تاوی گرتبوو. لە سەرەتای گەنجیدا کەم هەڵکەوتبوو چوار شەو و ڕۆژی بێ ئافرەت ڕایبواردبێ. پەردەی لووتی ئەفڕی. دەمی پڕ بووبوو لە ئاو، چاوی بەم بەرو ئەوبەری جادەکەدا ئەگێڕا، لە ناکاو ئوتۆمبیل پێچی کردەوە، دوکتۆر وریا بووەوە و بە تووڕەیی گوتی:

- بۆ کوێ ئەچی؟

ئوتۆمبیلچی گوتی: بۆ خەستەخانە. خۆت نەت فەرموو؟

- ئاخ! دەی! زۆر باشە.

سەرۆکی خەستەخانە لە هاواڵان و هاودەرزانی زووی بوو. دوکتۆر ناچار بوو بۆ دیدەنی بڕواتە لای، وە ئەشیزانی یەک دوو ڕۆژ گلی ئەداتەوە. چووە کۆشکی خەستەخانە، پاش ساتێک دەس لەناو دەستی سەرۆکی خەستەخانە، وە بە پێکەنین و قسەکردن هاتە دەرێ. کە گەیشتنە بەر ئوتۆمبیلەکەی دوکتۆر کوڕێکی سیس و سەروقژئاڵاو کە مەینەت و شپرزەیی لە چڕوچاوی ئەباری، بە ڕاکردن هاتە پێشەوە، کە چاوی بەوان کەوت وێستاو بە لاڵانەوەوە گوتی:

- گەورەم:جەنابی سەرۆک لوتفێک لەگەڵ ئەم چارەڕەشە بفەرموو.

سەرۆک بە گرژی گوتی:

- ئیتر ئەتەوێ چی بکەم، لەبەر درێژدادڕی تۆ لە ڕوو چووم، ئەوەی بۆ ئەم نەخۆشەم کرد بۆ باوکیشم نەکردووە. بە خۆڕایی و بێپارە سەرنجم دا.

- خوا بتان هێڵی جەنابی سەرۆک، بەڵام ئاخر...

- هەوەڵ و ئاخری هەر ئەوەیە کە گوتم: ئەبێ نەشتەرکاری بکرێ، زۆریش بە گورجی، ئەگینا ئەمرێ.

- ئاخر ئاغای سەرۆک ئەم برا چارەڕەشەم پارەی نییە، هەرچی بووی و نەیبوو لەم نەخۆشییەی بەخت کرد، منیش لەو هەژارترم، هەر ئەمەندەیە شەرممان بە خۆمانە و شورەیشمان لێ دێ دەم لە خەڵک خوار کەینەوە.

لەگەڵ ئەمەشا دوای ئەو فەرمایشتەی کە فەرمووت، ڕۆیشتم گەلێ هەوڵم دا، ڕووم لە چەند مەرد و نامەرد نا، هیچ کەڵکی نەگرت.

- من ئیتر حەقم بەسەر ئەمانەوە نییە، من ئەوەندەی بۆم کرا کۆمەکم کرد، خەرجی نەشتەرکاری و خەستەخانە بە لانی کەمەوە هەزار و پێنج سەد تمەن ئەبێ، بەڵام حەوت سەد تمەنی ئەبێ پێشەکی بدەن.

- ئاخر جەنابی سەرۆک، بۆ خاتری خوا..

سەرۆک ئیتر وەڵامی نەدایەوە. بە مڕ و مۆچێکەوە ڕووی لە کوڕە چارەڕەشەکە وەرگێڕا، دەسی دوکتۆری- کە تاقەتی چوبوو- گرت و گوتی: دوکتۆر گیان با بڕۆین .. ئوتۆمبیلچی قاپیی ئوتۆمبیلەکەی کردەوە، سواربوون و ئوتۆمبیل کەوتە ڕێ، سەرۆک گوتی:

- خەڵکێکی بێ چاو و ڕووی هەیە ئەم شارە! بە خەیاڵی تۆ لەمە زیاتر کۆمەک ئەکرێ؟

دوکتۆر بزەیەکی هاتێ و وەڵامی نەدایەوە، بەڵام تاوی گرتبوو. لە سەرەتای گەنجیدا کەم هەڵکەوتبوو چوار شەو و ڕۆژی بێ ئافرەت ڕایبواردبێ. پەردەی لووتی ئەفڕی. دەمی پڕ بووبوو لە ئاو، چاوی بەم بەروئەوبەری جادەکەدا ئەگێڕا، لە ناکاو ئوتۆمبیل پێچی کردەوە، دوکتۆر وریا بووە و بە تووڕەیی گوتی:

-بۆ کوێ ئەچی؟

ئوتۆمبیلچی گوتی: بۆ خەستەخانە. خۆت نەت فەرموو؟

-ئاخ! دەی! زۆر باشە.

سەرۆکی خەستەخانە لە هاواڵان و هاودەرزانی زووی بوو. دوکتۆر ناچار بوو بۆ دیدەنی بڕواتە لای، وە ئەشیزانی یەک دوو ڕۆژ گلی ئەداتەوە. چووە کۆشکی خەستەخانە، پاش ساتێک دەس لە ناو دەستی سەرۆکی خەستەخانە، وە پێکەنین و قسە کردن هاتە دەرێ.

کە گەیشتنە بەر ئوتۆمبیلەکەی دوکتۆر کوڕێکی سیس و سەروقژ ئاڵاو کە مەینەت و شپرزەیی لە چڕوچاوی ئەباری، بە ڕاکردن هاتە پێشەوە، کە چاوی بەوان کەوت وێستا و بە لاڵانەوەوە گوتی:

-گەورەم جەنابی سەرۆک لوتفێک لە گەڵ ئەم چارەڕەشە بفەرموو.

سەرۆک بە گرژی گوتی:

-ئیتر ئەتەوێ چی بکەم، لەبەر درێژدادڕی تۆ لە ڕوو چووم. ئەوەی بۆ ئەم نەخۆشەم کرد بۆ باوکیشم نەکردووە. بە خۆڕایی و بێ پارە سەرنجم دا.

- خوا بتان هێڵێ جەنابی سەرۆک، بەڵام ئاخر..

-هەوەڵ و ئاخری هەر ئەوەیە کە گوتم: ئەبێ نەشتەرکاری بکرێ، زۆریش بە گورجی، ئەگینا ئەمرێ.

-ئاخری ئاغای سەرۆک ئەم برا چارەڕەشەم پارەی نییە، گەرچی بووی و نەیبوو لەم نەخۆشییەی بەخت کرد، منیش لەو هەژارترم، هەر ئەمەندەیە شەرممان بە خۆمانە و شوورەیشمان لێ دێ دەم لە خەڵک خوار کەینەوە. لە گەڵ ئەمەشا دوای ئەو فەرمایشتەی کە فەرمووت، ڕۆیشتم گەلێ هەوڵم دا، ڕووم لە چەند مەرد و نامەرد نا، هیچ کەڵکی نەگرت.

-من ئیتر حەقم بە سەر ئەمانەوە نییە، ئەوەندەی بۆم کرا کۆمەکم کرد، خەرجی نەشتەرکاری و خەستەخانە بە لانی کەمەوە هەزار و پێنج سەد تمەن ئەبێ، من هەشت سەد تمەنم شکاند، بەڵام حەوت سەد تمەن ئەبێ پێشەکی بدەن.

-ئاخر جەنابی سەرۆک، بۆ خاتری خوا..

سەرۆک ئیتر وەڵامی نەدایەوە. بە مڕ و مۆچێکەوە ڕووی لە کوڕە چارەڕەشەکە وەرگێڕا، دەسی دۆکتۆری - کە تاقەتی چووبوو- گرت و گوتی: دوکتۆر گیان با بڕۆین...ئوتۆمبیلچی قاپی ئوتۆمبیلەکەی کردەوە، سوار بوون و ئوتۆمبیل کەوتەڕێ، سەرۆک گوتی:

-خەڵکێکی بێ چاو و ڕووی هەیە ئەم شارە بە خەیاڵی تۆ لەمە زیاتر کۆمەک ئەکرێ؟

دوکتۆر لە جیاتی وەڵامی ئەم پرسیارە، سەری بردە پەنا گوێی سەرۆکی خەستەخانە و گوتی:

-بیستوومە ئەم شارەی ئێوەژن و کچی زۆر جوانی هەیە.

سەرۆک قاقایەکی کێشا و چاوێکی داگرت و گوتی:

-نایاب، هەر قسەی لێ مەکە، هەر وەختێ یەکێ لەو پەچە و چارشێوانا لا بدرێ ئینسان گێژ و وێژ ئەبێ. دوکتۆر نازانی بە ڕاستی ڕوخساری وا لێرە هەیە چاو ئەخاتە تراویلکە!

هیچت دەست ئەکەوێت؟

-جاروبار. ئەویش زۆر کەم...

-کەمێکی چۆن؟...

-چی بێ لە تۆ پەنهان بێت. من سێ چوار ساڵە لێرەم، تەنیا دوو جار بۆم ڕێکەوتووە.

-ئای! چەند گران!

-بەڵێ، ژنی ئێرە زۆر ڕەقن، کچیان کە هەر هیچ. کچێکی بیست ساڵان ئەبینی، کەڵەگەت، ڕێکوپێک، زۆر قەد و باڵا شیرین، چ مل و گەردنێک، چ ڕوو سنگێک، چ بەژن و باڵایەک. بەڵام وەختێ قسەی لە گەڵا ئەکەی، ئەڵێی هەرگیز ئینسانی نەدیوە و تازە لە کەژ هاتووتە خوارەوە، ئینسان وەختێ ئاوا ئەیانبینێ زۆر لە بەر چاوی ئەبێزرێن، بەڵام نازانی پیاوەکانیان چەند چاوەدێڕیی ژن و مناڵیان ئەکەن، وە چەند ئازایی و تووڕەیی بە کار دێنن؟ بەڵام ئەگەر ژن تۆزێ قاچی خوار دانێ، مێردەکەی زگی وەک سفرە یەکەڵا ئەکات، یان بە لانی کەمەوە لێدانێکی باشی لێ ئەدا، یا هیچ نەبێ مانگێک لە ژوورێکا زیندانی ئەکات و قاپیی لە سەر دائەخات. وەی لەو ڕۆژە خەیانەتێکی لێ دەرکەوێ، ئیتر کوشتنی ژن، وەکوو خۆیان ئەڵێن فاسق کردنی، جێگا قسە نییە. جا بزانە من چەند زرینگ بووم کە توانیومە دووان لەم ژنانە بخەمە داو...

-دوکتۆر گوتی: پێویستە چەند ڕۆژێ لێرە بمێنمەوە و بەختی خۆم تاقی بکەمەوە.

-ئیشێکی گرانە، بە تایبەتی بە سێ چوار ڕۆژ.

-ئیتر بزانین چۆن ئەبێ. تۆ هەر ئەوەندەم بۆ بکە ڕێگەم ببێ سێ چوارێک لەم شۆخ شەنگانە ببینم، ئیتر لە سەر خۆم. ئەو وەختە ئەزانی کە تۆ خوێڕیت، یان هیچ نەبێ من لە تۆ بە هەڵپەترم...

لە پاش تاوێک گەیشتنە بەر قەیسریی تاریکە بازاڕی شارەکە.

سەرۆکی خەستەخانە گوتی:

-کانگای شۆخ و شەنگان ئێرەیە. تۆزێ لێرە پیاسە بکەیت بە لانی کەمەوەسی چل نازاری نمرە یەک ئەبینی.

--دەی جا با لێرە دابەزین و تۆزێ پیاسە بکەین.

-من ناتوانم، لەم شارەدا وەک گای مار و وام ببینن ئەسووڕێمەوە و سەرنجی ژنی خەڵک ئەدەم بڕوایان پێم نامێنێ، شەستیشیان بێدار ئەبێت، یەکێ لەو کەیفانەی من کردم قسە و باسێکی زۆری لێ پیدا بوو، مێردی ژنەکە شتێکی هەست کردبوو، چاکی ئەمە بوو ژنەکە منی خۆشویستبوو، هەر بەڵایەکی بە سەریان هێنابوو ناوی منی نەدرکاندبوو، لە گەڵ ئەمەش دڵیان پیس کردبوو هەستم ئەکرد پیاوان بە مۆڕەوە تەماشایان ئەکردم، لەو وەختەوە زۆر بە وردی بە ڕێگەدا ئەڕۆم، وە لەو بڕوایەدام کە ئیتر ناتوانم خۆم بدۆڕێنم، دەست و قاچم هەڵە بکەم!

-زۆر باشە. من دائەبەزم، لەم شتانە ناترسم، مەرجمان بێ هەر ئەمڕۆ تا نیوەڕۆ یەکێکیان بخەمە داو.

ئوتۆمبیلەکە وەستا، دوکتۆر قاچی داکێشا خوارەوە و دەستی سەرۆکی خەستەخانەی گرت، ڕۆژ باشی لێ بکات، وە پێشی گوت:

ڕاستی، ئەگەرشتێکم هەڵسوڕاند، بۆ کوێ بچین، خۆ ماڵی ئێوە نابێ، سەرۆکی خەستەخانە بیرێکی کردەوە و گورتی:

-بۆچ؟قەی ناکات، خانم و مناڵەکان بۆ دیدەنی خزمان ڕۆیشتوون بۆ تاران، کەسمان لە ماڵەوە نییە کارەکەرەکە نەبێ، ئەویش لە گەڵ منا خۆماڵیانەیە.

-یانی جێنشینی خانمە؟

-ئیتر بڵێین چی!...چی بکەین؟

هەر جۆرێک بێت قەی ناکا بەڵام ئەبێ لە دەرگا بچکۆلەکەی لای کۆڵانەوە بێنەوە.

-من شارەزا نیم.

-ئوتۆمبیلچییەکە دێت، شارەزا ئەبێت.

-دوکتۆر ڕووی کردە ئوتۆمبیلچییەکە و پێی گوت:

-کە ئیشی جەنابی سەرۆکت ئەنجام دا وەرەوە ئێرە، لە بەر بازاڕ تۆزێ بەرەو ژوورتر، لە جێگەیەکی چۆڵدا بوەستە تا دێمەوە.

دابەزی. تەماشایەکی دەورووبەری کرد و بە پیاسە کردن کەوتە ڕێ. خەڵک دابەزینەکەیان لەو ئوتۆمبیلە جوانو بریقەدارە بەلاوە سەیر بوو، وە بە چاوێکی عاجباتی لێی مۆڕ ئەبوونەوە. باڵای درێژو جلوبەرگی سپۆرت و بۆینباخ و ملوانەی نایاب و ڕووی جوانکیلە و نازاوایی، سەرنجی خەڵکی ئەکێشا لای خۆی. تەنانەت هێندێ کەس کوتووپڕ ئەوەستان و بە واقوڕماوی سەرنجیان ئەدا،

هەر وا زوو شێوابوو. تێگەیشتبوو کە ناتوانێ لە ناو ئەم خەڵکەدا بگەڕێ. ژنانی عابا بەسەر ئەهاتن و ئەڕۆیشتن، ئەوانیش کەم و زۆر ڕوویەکیان ئەکرد بە لایەوە. چەند ژنێکی جوان و چەند کچێک کە ڕوویان تەواو دانەپۆشیبوو کەوتنە بەر چاوی و دڵیان داچڵەکاند. بەڵام کە ڕووی ئەکرد بە لای ژنێکەوە کۆمەڵێ لە پیاوانی هاتووچووکەر کە چاویان تێبڕیبوو، لێی مۆڕ ئەبوونەوە و بە قینەوە تێیان ئەڕوانی کە بزانن چاو لە چی ئەگێڕێ؟ بە لایەوە دوور نەبوو کوتووپڕ یەکێ لەوانە شەقەزلەیەک ل بناگوێی بسرەوێنێ و سەری لە تەماشا کردنی ژنێک بە لایەکی ترا وەرگێڕێ.

چووە بازاڕەوە. بازاڕ شلۆق و نەختێ تاریک بوو، بەڵام لێرە و لەوێ ڕووی ڕووناکی ژنان و کچانی جوان وەک گوڵی سوور لە چاوی ئەدا. وردە وردە هەرچەند هەنگاوێکی هەڵدهێنا وبە خۆی نەئەبو، لە ژێر لچەوە ئەیگوت:

-ڕاستی، چەند جوانن! بەهـ بەهـ چ شارێکی پڕ لە نیعمەتە! بەڵام نەیئەتوانی بڕوا بکات، کە نزیک بوونەوە لە یەکێ لەم ژنانە و قسە لە گەڵ کردنی دەس ئەدا.

بازاڕی دوایی هێنا و گەڕایەوە. بە ناهومێدی و دڵ ساردی بە خۆی گوت:

-وا نابێ! دەست هەڵگرتنیش ناکرێ! ئەم گشتە شۆخ و شەنگە ببینم و بێبەش بووم؟ ئەبێ تەگبیرێکی تر بکەم.

دوو ژن بە بەردەمیا ڕۆیشتن، وە بە چاوە گەورە ڕەشە هێجگار جوانەکانیانکە لە درزی عەباوە دیار بوو، نیگایەکیان کرد بە لایەوە و بایاندایەوە بۆ کۆڵان. لە ناوەڕاستی کۆڵانەکە، کە چاویان بەو کەوت لە بەر دەرگایەک وەستان. دوکتۆر بە خۆی گوت:

-ئەوا ئەمانیش ئەچنە ماڵی خۆیان!

-بە دڵ سەرنجێکی دان و ڕۆیشت، پاش چەند هەنگاوێک گوێی لە کرانەوە و داخستنی دەرگا بوو، ویستی بگەڕێتەوە بازاڕ. چاوی بە ژنێک کەوت کە بە پەلە لە خوارەوە ئەهات. بەو تیژ ڕۆیشتنەشەوە لەخت و لارێکی لە بەر دڵانی بوو، بێ پەروا ئەهات و کۆی لە کەس نەئەکرد، ئەتگوت زۆر دەربایسی چارشێوەکەی نییە. لە دوورەوە بەرزایی سینگی ڕێکوپێکو جوانی لە ناو چارشێوەکەیا ئەبینرا، ڕوخسار و نیوەی پرچی بە تەواوی دیار بوو، دوکتۆر وەستا. ژنەکە نزیکتر بووەوە. شۆخ و شەنگیی ئەو دوکتۆری وشک و مات کرد. جوانییەکی عەجایب بوو. دوکتۆر لە هیچ جێگایەکی دنیا ڕوویەکی وا جوان و بەژن و باڵایەکی وا ڕێکوپێک و لەبەردڵانی نەدیبوو، بە ناچاری سەری بۆ دانەواند و ڕۆژ باشی لێکرد، لەو کاتەشا لە دەوروبەری خۆی ورد بووەوە کەس لەو ناوە نەبوو، ژنە جوانەکە ڕوویەکی کرد بە لایەوە، تەماشایەکی کرد و ڕۆیشت، وەک ڕۆژباشی نەبیستبێ وابوو. لە ناو پرشنگی بە تەوژمی ڕۆخساریا پەرۆشی و پەژارە هەست ئەکرا، هیچ گوێی پێ نەدا و مەحەللی لێ نەنا، دیاربوو زۆر بە پەلە بوو. دوکتۆر دڵی لە دەست دا و بێئارام بە دوایا کەوتە ڕێ. ژنەکە گەیشتە بازاڕ وە لەو سەرەوە دەرچوو کەوتە جادە، پاش چەند هەنگاوێک چووە مەغازەیەک. دوکتۆر لە بەر مەغازەکە وەستا، دوای پێنج دەقیقە ژنەکە هاتە دەرێ و گەڕایەوە. دوکتۆر دە پازدە هەنگاو دوور کەوتە شوێنی. کە گەیشتە نیوەی کۆڵان لە جێگایەکا کە لە دوور و نزیک هاتوچووکەر دیار نەبوو، خۆی گەیاندە ژنە جوانەکە و بێ وەستان بە دەنگێکی ساف و شێوەیەکی شیرین گوتی:

-خانم من بۆ جوانی تۆ شێت بووم، هەرگیز شتی وام نەدیوە! خەڵکی ئێرە نیم غەریبم، بەیانی ئەڕۆم بەزەییت بە غەریبا بێتەوە، دڵم مەشکێنە، هەرچی بفەرمووی ئەیدەم، سەد تمەن، دوو سەد تمەن...حەوت سەد تمەن!خۆی لەم سخاوەتە واقی وڕمابوو، بە دەم قسە کردنەوە وەک کەسێ خەو ببینێ لە دڵا ل خۆی پرسی:

-بۆچی کوتووپڕ ئەوەندە سەرکەوتم، حەوت سەد تمەن بۆچی؟ بە کورتی کەوتەوە یادی کە ئەم وشەیەی لە خەستەخانە بیستووە، سەرۆکی خەستەخانە حەوت سەد تمەنی لە کوڕە چارە ڕەشەکە ئەویست تا براکەی نەشتەرکاری بکا و لە دەست مەرگ ڕزگاری کا.

هەستی کرد کە ژنە جوانەکە لەرزی و لە ژێرەوە بە تیلایی چاو سەرنجێکی ئەوی دا.

بێ باکتر دووپاتی کردەوە:

-بەڵێ حەوت سەد تمەن پێشکەش ئەکەم،

حەوت سەد تمەن پارەیەکی کەم نییە. جارێکی تریش یەکترێ نابینینەوە، چونکە لێرە ئەڕۆم. ئەمڕۆ یا ئەم شەویا هەر وەختێکی تر کە دەرفەتم ئەبێ، یەک دوو ساتێ دڵم خۆش کە، بە مەرگی تۆ ئارامم لێ بڕاوە. ژنەکە وەڵامی نەداوە و تیژ تێپەڕی، پاش دەقیقەیەک بە گورجی بۆ لای دەرگایەک پێچی کردەو، دەستی نا بە دەرگاوە، دەرگا کرایەوە و ڕۆیشتە ژوورەوە. دوکتۆر وەک پشیلەیەک چۆلەکەی لە دەم دەرپەڕی بێت، بە واقوڕماوی و پەشێوی وەستا، قاچی لە بەست چووبوو. چاوی بڕیبووە قاپییە داخراوە بچکۆلە و فەقیرانەکە. نەیئەتوانی هەنگاو هەڵبڕێ و لەوێ دوورکەوتەوە.

-شتێک لە دڵیا قرت و فرتی ئەکرد کە لە دەرگاکە بدات. نزیک بوونەوەی هاتووچوو کەرێک ناچاری کرد پێهەڵگڕێ، چەند هەنگاوێ دوور کەوتەوە، ئیتر نەیتوانی دوورتر بڕوا، گەڕایەوە. ئەم ڕۆیشتن و گەڕانەیەوە چەند جار لەبەر هاتووچووی خەڵک چەند پاتەوە بووەوە. نزیک سعاتێکی پێچوو. دوکتۆر نەیئەتوانی دڵ هەڵکەنێ. ئەیویست بۆ چاو پێکەوتنەوەی ژنە جوانەکە بیرێک بکاتەوە و ڕێگایەک بدۆزێتەوە. پێش تەگبیر کردن دەرگا کرایەوە و ژنە جوانەکە هاتە دەرەوە. هەر بەو چارشێوە و جلوبەرگەوە و بەو گوێ پێنەدان و بێ پەرواییەوە بەڵام کەمێک مات تر و خەفەتبارتر دیار بوو. ئەمجار بە لایەکی ترا ڕۆیشت. دوکتۆر خێرا دوای کەوت، کۆڵان چۆڵ بوو، دوکتۆر هەنگاوی کرژ کرد و پێی گەیشت و بێ وچان گوتی:

-وەڵامت کەرەم نەکرد؟ئەمزانی ئەگەڕێیتەوە، نەمئەتوانی بڕۆم، شێتت کردووم.

ژنەکە ڕووی کرد بە لایەوە و سەرنجێکی قووڵ و خوفەتاویی بە دەنگێکی هێجگار نەرم و ناسک و شیرین کە دڵی دوکتۆری لەرزاند گوتی:

-گەورەم چیت ئەوێ؟

-دوکتۆر گوتی: عەرزم کردی خەڵکی ئەم شارە نیم، غەریبم زۆر زوو ئەڕۆم، شێتی تۆ بووم، ناتوانم دڵم هەڵکەنم، بەزەییت بێتەوە پێما، بۆ ئەم لوتف و غەریب پەروەرییەش حەوت سەد تمەنت پێشکەش ئەکەم، وەکوو عەرزم کردی.

وەڵامی ژنە جوانەکە زۆر دوور لە هیوا بوو، گوتی:

-درۆ ئەکەی، نایدەیت!

دوکتۆر لە خۆشیا مووچڕکێک هات بە لەشیا و تینێک وەک گڕی ئاگر بە خوێنیا گەڕا و داخی کرد. بە جۆش و کوڵێکی زۆر و دەنگێکی لەرزۆکەوە گوتی:

-چی ئەفەرمووی، ئەمە بۆ من قیمەتی نییە، خانم من زۆر دەوڵەمەندم ڕۆژی وا هەیە دە پازدە هەزار تمەن فیرو بەخت ئەکەم لە قومارائەیدۆڕێنم. وە ئەوەندەی نوکە دەرزییەک لام قیمەتی نییە.

ژنەکە بە جۆرێکی سەیر و ناڕۆشن کە مانای لێ نەئەدرایەوە گوتی:

-کەوات درۆ ناکەیت؟بێگومان ئەیدەیت؟

-دڵنیابە زۆر بە شانازییەوە، تەنانەت ئەگەر بفەرموویت لەوەش زیاتر، هەرچی ئەفەرموویت.

ژنەکە ئیستێکی کرد. ئینجا دەنگی تۆزێ گڕ بوو. کورت و خێرا گوتی:

-جا بچینە کوێ؟

-هەر کوێ تۆ ئەفەرموویت.

-من جێگەیەک شارەزا نیم، نازانم...

-دەی سا فەرموو لە خزمەتتا بم، بۆ جێگەیەکی باش بڕۆین. ئێستە وردە وردە هەستی کرد ژنەکە بە توندی ئەلەرزێ و لەو حاڵەشا گەلێ جوانتر و دڵڕفێنتر ئەنوێنێ.

ژنەکە بێدەنگ بوو. دوکتۆر دوای یەک دوو هەناسە گوتی:

-ئیجازەت فەرموو؟ دە فەرموو با بڕۆین...

ژنەکە بە پەلە گوتی: سعات یەکی پاش نیوەڕۆ وەرەوە ئێرە...وە دوای ئیستێکی کەم گوتی:

-مەرجمان ئەوە بێ درۆ نەکەی، فێڵباز نەبی.

-ئیتر لە ڕێی وەڵام نەوێستا و خێرا گەڕایەوە گرژ کەوتە ڕێ دوای دەقیقەیەک خۆی کردەوە بە ماڵا.

دوکتۆر سەری سوڕ ما. لە جۆش و کوڵ و خۆشیشا ئەلەرزی، وەکوو کەسێک لە دەسکەوتی گەەورەترین بەختیارییەک دڵنیا بێ، لێی دا و ڕۆیشت، ئەم بەسەرهاتەی بۆ سەرۆکی خەستەخانە گێڕایەوە و سعات پاش نیوەڕۆ گەڕایەوە. ژنە جوانەکەش هەر لەو کاتەدا گەیشتە جێ ژوانەکە. دوکتۆر لەبەر کوڵ و جۆش ئارامی لێ هەڵگیرا بوو، ناونیشانی ئوتۆمبیلەکەی پێدا. ژنە جوانەکە کەژ و چالاک لە پێش دوکتۆرەوە ڕۆیشت، وە لە ناو ئوتۆمبیلەکەدا دانیشت. دوکتۆریش دوای تاوێک سوار بوو. وا دەرئەکەوت کەس ئاگای لێین نەبوو، پاش پێنچ شەش دەقیقە هەردووکیان لە دەرگا بچکۆلەکەی خانووی سەرۆکەوە ڕۆیشتنە ژوورەوە. هۆدەیەکی بچکۆلە و پاک و خاوێن ئامادە کرابوو.

چوونە ژوورەوە ، دوکتۆر ژنە جوانەکەی لە سەر قەڕەوێڵە دانیشاند، لەبەر پێیدا بە چۆکا هات، دەسی گرتبوو اچی ئەکرد، لە پشت شووشەکانی هۆدەکەی تەنیشتیەوە لە درزی پەردەوە سەرۆکی خەستەخانە تەماشای ئەکرد.

ژنەکە هەناسەبڕکەی پێ کەوتبوو، ڕەنگی سوورهەڵگەڕابوو، ئەتگوت وەختە بخنکێ. بە تەواوی خۆی دابوو بە دەستەوە. هیچ دەستی نەئەکردەوە. دوکتۆر لە تەنیشتییەوە دانیشت و دەستی کردە ملی. ئەوەندە هاتبووە جۆش ئاگای لە حاڵی ژنە جوانەکە بڕابوو. دە و بیست ماچی لە دەمی ڕفاند. ژنەکە لە ناو ماچەکانی ئەودا دەرفەتی هێنا، کەمێ خۆی کێشآیە دواوە و بە دەنگێکی نوساو و لەرزۆکەوە گوتی:

-ئەترسم درۆت لە گەڵ کردبێتی. گوتی: ئای! لە بیرم چوو، دڵنیا بە نازارەکەم، ئێستا پێشکەشی ئەکەم. دەستی کرد بە گیرفانیا، هێندێ ئەسکەناسی درشتی دەرهێنا، بە پەلە و بێ ورد بوونەوە بژاردی. بڕێکی کە بێگومان لە حەوت سەد تمەن زیاتر بوو لێ بژارد جزدانی ژنە پەشۆکاوەکەی- کە لەبەر قەرەوێڵەکەدا بوو- کردەوە و پارەکەی تێئاخنی و وەکوو برسییەک هەڵمەتی خواردەمەنییەکی خۆش بدات، ژنە جوانەکەی گرتەوە باوەش.

لەم کاتەدا دەنگێک وەک دەنگی هاواراێکی دوور هاتە گوێچکەی، بەڵام گوێی پێ نەدا، قسەی دڵدارییانەی ئەکرد، سوێندی ئەخوارد کە هەرگیز ئافرەتێکی وا جوان و هێمن و دڵڕفێنی نەدیوە. بێ ئەوەی تووشی بەرهەڵستێک ببێ ئیشی لەبەر ئەچوو، وە سەرەتای گەیشتنە ئامانجی دەست پێکردبوو. لە خۆشییا ترینگەی لێوە ئەهات.

لەم کاتەدا ژنەکە پڕ بە دەم قیژاندی و خۆی لە دەستی ڕاپسکاند، وە لە هۆدەکەی تەنیشتیەوە دەنگی کەوتنی شتێکی قورس بە دەرگایەکی شووشەداردا بیسترا. دوکتۆر کە لەو کاتەدا لە پڕجۆشترین حاڵی ژیانیا بوو لی جێگای خۆی ڕاپەڕی. ژنەکە لێی دوور کەوتەوە و چاوی بڕیبووە قاپییەکە. دوکتۆریش تەماشای کرد سەرتاپای لەرزی. قاپی کرابووە و شتێک بە لاشیپانی دەرگاکەوە وەستابوو، شتێکی باڵا بڵند، زیاتر لە مردوو ئەچوو نەک لە زیندوو. ئێسک و پێستێک، داهۆڵە ئێسقانێک چاو بە قووڵاچوو، ڕەشتاڵەیەکی زەرد هەڵگەڕاو، دەست و باسکێکی درێژ و ڕەق و تەق، قاچێکی وشک و لەرزۆک، لەش پۆشی تەنیا کراسێکی سپیی درێژی ئاودامین وەک کفن بوو بە یەخەیەکی داچەقاوەوە. دوکتۆر بە پەلە خۆی کۆ کردەوە، غیرەتی نا بەر خۆی و بە تووڕەیییەکی تێکەڵ بە ترس و لەرزەوە گوتی:

کێی؟ چیت ئەوێ؟

داهۆڵە ئێسقان وەڵامی نەداوە. بە مۆڕەوە ئەیڕوانی. ئەلەرزی و دەنگی دانەکیرکەی ئەهات.

ژنەکە هەستابوو، ڕەنگی پەڕیبوو، دەستێکی بە لاوانەی قەرەوێڵەکەوە گرتبوو تا نەکەوێت. بە دەنگێکی نووساو و هەناسەبڕکەوە گوتی:

ئەمە مێردی منە، با بە تۆ بلێم، پێ لە ڕاستی بنێم، نازانم چ باسە!...باوەڕم نەئەکرد توانای ببێ لە جێی خۆی بجووڵێ، لام وابوو ئەمرێ، ئەیان گوت بەم زووانە ئەمرێ، مێردمە، خۆشم ئەوێ، ئەی پەرەستم، لەو زیاتر کەسم نییە، نەم ئەویست بمرێ، هیچمان نەبوو، نە ئەو بوویی و نە من، گوتبوویان ئەبێ حەوت سەد تمەن بدەین، سەرۆکی خەستەخانە گوتبووی ئەگەر نەشتەرکاری بکرێ ئەژی، بەختیار ئەبین...

بە کورتی، حەوت سەد تمەن بڕیاری مەرگی بوو، ئەبوو دانیشین و گیان کەنشتی تەماشا کەین، بڵام ئەمڕۆ دیسان ناوی حەوت سەد تمەن هاتە گوێ، تۆ گوتت گەورەم...تۆ ناناسم، گوتت لە لاوە هاتووی و ئەمڕۆش ئەڕۆی، مێردەکم ئەمرد، بۆ ڕزگار کردنی هیچم نەبوو، تۆ لە منت گەیاند کە تەنیا شتێکم هەیە ئەتوانم بیفرۆشم!... ناوی حەوت سەد تمەن ئەمەی لە من گەیاند، ئینجا ئەکرا بڕیاری مەرگەکەی ببێتە بڕیاری ژیانەوەشی، بە کۆمەکیی من! ئاخ! بڕیارم دا، لە پاڵ جێگە و بانی مێردەکەم، کە وەختێ بیرم کردەوە خەریکە ئەمرێ...

جیڕەی دەرگای هۆدەکەی تەنیشتەوە، قسەکەی پێ بڕی، سەرۆکی خەستەخانە هاتە ژوورەوە گوتی:

-ئەمانە هەمووی لە ئەستۆی من، بێدەنگ بە، من ئەو پیاوە نەشتەرکاری ئەکەم، نەجاتی ئەدەم، پارەشم ناوێ، حەوت سەد وا لە جردانەکەتا، ئەویش بۆ خۆتان ئەمێنێتەوە.

-پیاوە ئێسقانینەکە، مردووە جمجۆڵ کەرەکە، دوو هەنگاو هاتە پێشەوە، وەک تارمایی مەرگ وابوو، بەڵام ساتووری بە دەستەوە نەبوو، ڕەنگ بوو پێشی بێت، دەستی لە پشت سەریەوە گرتبوو، بەڵکوو لە ناو کفنەکەیا بوو، دەمە لە گۆ کەوتووەکەی کردەوە و بە دەنگێکی وشک و گڕ و بە سامەوە، لە کاتێکا چاوی بڕیبووە سەرۆکی خەستەخانە، گوتی:

-ئاخ! تۆ! سەرۆکی خەستەخانە! تۆ کە حەوت سەد تمەنت ئەویست و ئەگینا ئەبوو من بمردمایە!...

-ئێستا لێرە! لە ماڵی تۆدا! ژنی من، بە نرخی حەوت سەد تمەن!..وە ئەم پارەیەش لە جزدانەکەیدایە! وە ئەویش لێرە لە باخەڵی ئەم پیاوەدا!..ئێستە بە خۆڕایی من تیمار ئەکەی؟! وە حەوت سەد تمەنیش بۆ خۆمان!.. وە ژنەکەم لای وابوو ناتوانم لە جێ و بانەکەم بێمە دەرێ، ئێوە ئەوتان هێنایە ئێرە! لە گەڵ تۆمە هەی پیاو، هەی ناپیاو، هەی دز، هەموو دزێک لای وایە ئەتوانێ ڕاکات. بەڵام خوا شوێن پێی نیشان ئەدا و دڵ ئەبینێ و ئەیدۆزێتەوە..تۆش ژنەکە ئەتزانی قول و قاچی من مردووە، بەڵام نەتئەزانی دڵم زیندووە و هێشتا بۆ تۆ دائەخورپێ، وە هێشتا بۆ تۆ ئەلەرزێ و ناتوانێ لە دەرکەوتنی تۆ لە بێوەختێکی ئاوەهادا، سعات یەکی پاش نیوەڕۆ شتێکی نالەبار و نامەکررف هەست بکات، وە غیرەتە مەرگ بردووەکەم هەڵ گرینێ، وە قاچە مردووەکانم بخاتە گەڕ وە شارەزاییم بکا بۆ ئێرە. یەکێ دیتبووی ژنێک لە ئوتۆمبیلێکا کە لەم شارەدا هی وا نییە هاتووە بۆ ئەم لایە.عاڕەبانەیەک منی گەیاندە ئێرە. ئوتۆمبیلەکەم لە سەر کۆڵان چاو پێکەوت ناسیمەوە. ژنێکی کارەکەر کە دەرگاکەی لێکردمەوە،لە ترسانا لە هۆش چوو کەوتە زەوی. ئێستا ئێوەش ئەبێ بترسن لە من. نامەوێ بژیم بەم تیمارە خۆڕاییە و بەم پارەیەی لە جزدانی ژنەکەمایە.

لە ناکاو دەستە وشک و ڕەق و تەقەکەی کە دیاربوو هاتە پێشەوە و تەقەی چەند گوللەی لە سەر یەک هۆدەکەی لەراند.

ئەمەیە درێژەی ئەو دەنگوباسە کورتەی کە ئەو وەختە لە ڕۆژنامەکاندا خوێندتەوە، لە ژێر ناوی:«نەخۆشی تاوانکار»دا، نەخۆشێکی لە گیان کەنشتدا کە بە قسەی ئەو ڕۆژنامانە «لە سەر هئچ و خۆڕایی، بەڵکوو بەهۆی شێت بوونێکی کوتووپڕییەوە سەرۆکی خەستەخانەی شارەکەی خۆان و دوکتۆرێکی بەناوبانگی تارانی کوشتووە».