هەوشار و حەشارگە

لە کتێبی:
کۆی بەرهەمی قزڵجی
بەرهەمی:
حەسەن قزڵجی (1914-1985)
 8 خولەک  1305 بینین

ئەم ڕۆژانە کتێبولکەیەکم لە کۆڕی زانیاری کوردەوە پێگەیشت بە ناوی «بەرەو ڕاستەشەقامی ئاخاوتنی کوردی» کە «مەسعوود موحەممەدکەس» لە وەڵامی «موحەممەد ئەمین هەورامیکەس» دا بە ناوی «کورد واتەنی» نووسیویەتی. من لە باسەکەی ئەواندا خۆتێهەڵناقوتێنم، تەنیا ئەوەندە بە خۆمدا دەپەرمووم کە بڵێم باسکردن و لێکۆڵینەوەی مەسەلەکە و مەبەستی زانیاری ئەدەبی و هونەری، بەش بە حاڵی خۆی، کارێکی پێویست و بەجێ و بەنرخە ئەگەر لەسەرخۆ و بە مەندی و لەگەڵ ڕێزگرتن لە بیروڕای یەکتر و بە مەبەستی ڕوونکردنەوەی ڕاستی و دروستی بێ. بەڵام کە هات و تەوس و توانج هاویشتن و پلارتێگرتنی تێکەڵ بوو دەبێزرێ و لە نەریتی باس و لێکۆڵینەوە دەردەچێ و کەڵکی پێوە نامێنێ. لێرەدا لە بەسەرهاتی دوو وشەی «هەوشار» و «حەشارگە»- کە هاتوونەتە ناو- نەختێ دەدوێم، بەشکم لە ڕادەی توانادا یارمەتییەکی بچووک بێ بۆ ڕوونکردنەوەیان.

١. هەوشار: بە پارچەیەک لە کوردستانی ئێرانشوێن دەڵێن کە نێوان ناوچەی «فەیزوڵڵابەگی» و «تیلەکۆشوێن» و «بیجارشوێن» دا هەڵکەوتووە. خەڵکەکەی کوردن، بەڵام دەرەبەگەکانی تورکی «ئەفشار» بوون. تورکی ئەفشار ئێلێک بوون لە ڕۆژهەڵاتی ئێران لای شیراز و دراوسێی ئێلی تورکی قاجار بوون. «نادرشای ئەفشار»، شای پێش زەندییەکان لە ئێران سەرۆکی ئێلی ئەفشار بووە. وا دیارە باپیرە گەورەی دەرەبەگەکانی هەوشار لەو ئێلە نۆکەر و کەربەدەستی نادرشا بووە و ئەو ئەمی ناردۆتە سەر ئەو ناوچەیە. پاشان ئەم کابرایە وەچەی لێکەوتووەتەوە و بوونەتە خاوەن موڵکی ئەو ناوە و ناوچەکە بە ناوی ئەوانەوە ناونراوە. ناونانی جێگەیەک و ناوچەیەک بەناوی کەسێک یا ئێلێک باوبووە و لە گەلێ جێ ئەمە هەبووە وەک ناوچەی «موکری» کە «موکریان» یشی پێ دەڵێن، بەناوی «سەیفەددینی کوڕی بوداخ سوڵتان» ەوە ناونراوە. سەیفەددین پیاوێکی زۆرزان و بەتەگبیروڕا بووە، لەبەر ئەوە بە «موکری- فێڵباز» ناوبانگی دەرکردەووە. پاشان «موکری» بە نەختێ گۆڕان بووەتە «موکری» و بووەتە ناوچەکەی ژێر دەسەڵاتی ئەو و وەچەی ئەو. یا لە وەختی خۆیدا بە ناوچەی سولەیمانی ئێستا گوتراوە ناوچەی «بابان». وشەی «ئەفشار» وشەیەکی فارسییە بە مانای گوشینە، گوشینی شتێک بە چەشنێکی وا ئاوی لێ بچۆڕێتەوە. بەمانای یاریدەدەر و هەڤاڵ و شەریکیش هاتووە ناوی تیرەیەکیشە لە تورکان. بە بۆنەی باسکردنی «هەوشار» ەوە دەتوانین کارەساتێک لە مێژووی نزیکی خەڵکی ئەوێ بگێڕینەوە. هەرچەند کارەساتێکی دزێویشە، بەڵام ڕاستەقینەی مێژوو- چاک بێ یا خراپ- نابێ بشاردرێتەوە. کارەساتەکەش ئەوەیە کە لە شۆڕشەکەی سمایل ئاغا «سمکۆکەس» دا سوارەی «شکاک» گەیشتنە ئەو ناوچەیە و خەڵکی ئەوێیان تاڵان کرد. خەڵکەکە دڵشکاو بوون و لە برا کوردەکانیان تەکینەوەو پتر لە دەوری دەرەبەگە تورکەکان کۆبوونەوە، بەڵام لە سەردمی «مەهابا» دا پیاوانە هاتنە ڕێز و لە خەباتدا هاوبەشیان کرد. دەمێنێتەوە ئەمە کە «ئەفشار» چۆن بۆوەتە «هەوشار». بە پێی دەستووری پیتەگۆڕگێ «الابدالعەرەبی» لە زمانە ئێرانییەکاندا هەر لە ئاێستاییەوە بگرە پەهلەوی و دەریی کۆن و کوردی «ئە» بووەتە «هە» وەکوو لە «ئەنار» دا بووەتە «هەنار» «ف» یش بووەتە «و» وەکوو لە «بەفر» دا کە لە ئەردەڵان و جافەتی و شارەزووردا بووەتە «بەور». ئاخرەکەی «ئەفشار» یش بووەتە «هەوشار». خەڵکی هەوشار زۆربەیان مەڕدارن و سەگی ڕەسەن و دڕیان هەیە بۆ پاسکردنی ڕان. لەبەر ئەوە سەگی هاوشار بەناوبانگە. هەروەها قاڵیی چاک و مەڕی قەڵەوی ئەوێ لە بازاڕی شارەکانی ئەو ناوچەیەدا ناوبانگی هەیە. کانگای زەڕنیخیشی لێیە. بەهەرجۆر «ئەفشار» لە کوردیدا وەکوو شکڵی گۆڕاوە و بووەتە «هەوشار» ماناکەشی گۆڕاوە و بووەتە ناوی ئەو ناوچەیە و هیچی تر ناگەیەنێت.

٢. حەشارگە: لە دوو کەرتی «حەشار + گە» پێکهاتووە. مانای «گە» دیارە. «حەشار» یش لە ڕیشەی «شر» مەسدەرەکەی «شردن». کە نەماوە. بە قرتاندنی «ن» و گۆڕینی «د» بە «ت»- بە دەستووری پیتە گۆڕگێ- بووە بە «شرت» کە تەنیا «شر- و گرم» دا ماوەتەوە. مەلای جزیریکەس دەڵێ:

خون ژ دل جۆ جورەوان تێ
وەک عەقیق و ئەرخەوان تێ

«ئا» یەک لە نێوان «ش» و «ر» ی «شرد» دا زیادکراوە، بووتە «شارد». ئەمەش بە دەستوورێکی ڕێزمانییە. لە زمانی دەریی کۆندا بۆ تێپەڕکردن یا دووبارە تێپەڕکردنی فیعل «ئا» یەکیان لە پێش پیتی ئاخریدا هێناوە. بۆ نموونە «بەرگەشت» یان کردووەتە «بەرگاشت». ئەم دەستوورە لە کوردیشدا هەیە وەکوو «بوورد» و «بووارد». ئەمجار «د» ە کەشیان قرتاندووە و «ئە» یەکیان لە پێشەوە هێناوە بووەتە «ئەشار»، ئەمەش لە دەریی کۆندا هەبووە، بۆ نموونە «شەیند، فراشت، شتامن» کە «ئە» یان خستووەتە پێشەوە بوونەتە «نەشنید، ئەفراش، ئەشتامن». ئێستا ئەمە لە فارسیدا نەماوە، بەڵام لە کوردیدا ماوە، وەکوو «زمان» کە لە هێندێ جێ دەڵێن «ئەزمان»، یا «سپێ» ی- ناوچەی ئەردەڵان- کە ئێمە دەڵێین «ئەسپێ». هەروەها «ناردن» یش دەبێتە «ئەناردن» و «نار» بووەتە «ئەنار». باسی ئەم «ئە» یەی پێشەوە زۆر درێژە و لێرەدا جێی نابێتەوە. پاشان «ئە» ی «ئەشار» گۆڕاوە بە «هـ»- ئەمیش بە دەستوورێ پیتە گۆڕکێ- و «ئەشار» بووەتە «هەشار» وەکوو «ئەناردن» بووەتە «هەناردن» و «ئەنار» بووەتە «هەنار». دیسان هەر بەو دەستوورەی کوتان «هـ» یش گۆڕاوە بە «ح» و ئاخرەکەی «هەشار» بووەتە «حەشار». نموونەیەکی دیکەی گۆڕانی «هـ» بە «ح» ئەوەیە کە مەلای جزیری دەڵێ:

عالەم حەمی پێ بن حەسەد
ئینسان و جینن و جانەوەر

«حەمی» لە «هەمی» و ئەمیش لە «هەموو» ەوە هاتووە، «ئەشار» بە بارێکی دیکەشدا گۆڕانی بەسەردا هاتووە. لە بادینانیدا «ئە» بووەتە «ڤە» و «ئا» ی نێوان «ش» و «ر» یش بووەتە «ی» و بەم جۆرە «ئەشار» بووەتە «ڤەشێر» وەک مەلای جزیری دەڵێ:

چەندەکی تاقەت ددێرم
بم غوبار بە درێ ڤەشێرم

لە بەشێکی موکریان و لەم دیویش لە ناوچەی هەولێرشوێن «ڤ» بووەتە «و» و «وەشێرم» دەڵێن: ئاوایە بەسەرهاتی ئەم دوو وشەیە کە یەکەمیان فارسییە و کراوە بە کوردی و دووەمیان کوردییە و پێوەندییان بە یەکەوە نییە. «حەشار» بە خۆی و بە ڕیشە هاژۆیەوە کە یەکێکیان «حەشارگە» یە بەمانای هەراو بەرفراوانی هەیە. ئەگەر بێت و واشی دانەنێین و بڵێین تایبەتییە بۆ شتێک، دیسان زۆر بە ئاسانی دەتوانین تەتەوری پێ بکەین و بە بەرفراوانی بەکاری بهێنین چونکە مانای هێندێ وشەگەلێ تەتەوری ژیان دەگۆڕێ و بەرفراوان دەبێ وەکوو وشەی «هۆڵ» کە لە موکریان و ناوچەی «سەقزشوێن» بە ئاغەڵ یانی جێگای مەڕ و بزن دەڵێن. ئەم وشەیە وا دیارە وشەیەکی ئاریایی زۆر کۆنە چونکە Hall لە زمانی ئینگلیسیشدا هەیە کە یەکێکە لە زمانە ئاریاییەکان. لە کوردیدا تەطەوری نەکردووە و بەماناکەی خۆی ماوەتەوە، بەڵام لەو زمانەدا تەطەوری کردووە و ئێستا بەمانای «ساڵۆن» یا هۆدەیەکی گەورەیە لە خانوودا و بەم مانا تازەیەوە هاتووەتەوە بۆ ئێمە و ئێستا ئێمە وا بە کاری دێنین. هەر بەم مانایە بەڵام لەگەڵ گۆڕانی «هـ» بە «خ» کەوتووەتە ناو هێندێ زمانی سڵاڤیانیشەوە، من لە قامووسێکی بولگاریایدا تووشی ئەم وشەیە هاتووم. ئەوانەی لە زمانی ئینگلیسی و ڕیشەی وشەکانی ئەم زمانە شارەزان دەتوانن لەم وشەیە بکۆڵنەوە و ڕوونی کەنەوە داخۆ ئەم بەراوردکردنە دروستە یا نە؟ یا لە زمانی عەڕەبیدا وشەی «حەقل» کە لە بێخدا بەمانای کێڵگە و شیناوەردە، ئەوا ئێستا ماناکەی بەرفراوان بووە و لە باسی ئابووری و سیاسی و شتی واشدا بەکاری دەهێنن. پێویستە ئەوەش وەبیر بخەینەوە کە بەرفراوان کردنی مانای وشە دەستوور و ڕێ و شوێنی تایبەتی خۆی هەیە و کەسانی لێزان دەتوانن بە پێی ئەو دەستوورە، بەو چەشنە، وشە بەکار بێنن، ئەگینا جێی خۆی ناگرێ و بە هەڵە دەردەچێ.