جەحای چەرخی بیست
لە کتێبی:
کۆی بەرهەمی قزڵجی
بەرهەمی:
حەسەن قزڵجی (1914-1985)
5 خولەک
1401 بینین
ڕۆژێ کابرایەک بانی سواخ ئەدا
بردیە بان گەلی ئاو گڵ و کا
قوڕەکەی خۆش کرد، دەستی کرد بە سواخ
بانی تەواو کرد، گەیشتە قەراخ
کە ڕوانی ئیشی سەیری کردووە
ڕێی هاتنەخواری لە خۆی بەستووە
ڕێگەی هاتوچووی بانی سواخ داوە
لەو گوێسەبانە بێ ڕێ داماوە
بیری کردەوە، تەگبیر و ڕای کرد
پەی بە هیچ ڕێگەی ڕزگاری نەبرد
گوتی خەڵکینە چارێکم بکەن
لەم داماوییە نەجاتم بدەن
ئەوانیش هیچیان عەقڵیان پێ نەشکا
گوتیان سەبر کە بانگ کەین لە مەلا
مەلا نەسرەدەین بەناوبانگ جەحا
هاتە پێش گوتی: چتان لێ قەوما؟
گوتیان ئەم کابرا لە بان داماوە
ڕێی هاتنەخواری لە خۆی سواخ داوە
ئەتۆ پیاوێکی ژیر و بەفکری
وەرە بزانە بەڵکوو دایبگری
گوتی بۆ ئەمە زەحمەتم ئەدەن
بە هەموو لاتان ڕێگەی پێ نابەن؟
بۆی هەڵدەنە بان سەری گوریسی
بە چەشنی پشتێن لە قەد خۆی بەسی
سەرەکەی تری گشتتان ڕایکێشن
دایەگرنە خوار بە کوێریی دوژمن
کابرا گوریسی بەستە ناو قەدی
کێشایانە خوار هیچگار بە توندی
لە قورسیی خۆی بە زەبری کێشان
دایان بە زەویا گشت لەشیان شکان
خەڵکەکە گوتیان ئەرێ مامۆستا
توخوا چۆن عەقڵت بەم کارە شکا
گوتی من دنیام زۆر ڕابواردووە
زۆر بەرژەوەندم لە کار کردووە
مناڵ بووم ساڵێ باوکم کەوتە بیر
لێی کۆ بوونەوە پیاو ماقووڵ و ژیر
گوریسیان داهێشت بەستیە ناو قەدی
هەڵیان کێشا سەر. کاتێ ئەمەم دی
کردمە سەرمەشق بۆ ڕۆژی قەومان
ئاوا ئەمڕۆکە هاتە فریامان
٢
ئینگلیسیش حەلفی بەغدای سواخ ئەدا
لە گوێسەبانەی عێراقا داما
زۆری سەرنج دا، سەری هێنا و برد
ڕێگەی ڕزگاری خۆی بەدی نەکرد
«هەر کەسێ داوی بۆ خەڵک دانا
خۆی بەو داوەوە ئاخر گیر ئەخوا»
داوی نایەوە بۆ تورک و ئێرانشوێن
بۆ خەڵکی عێراقشوێن لەگەڵ پاکستانشوێن
بۆی ببنە سەنگەر لە پێش سۆپای سوور
پییان پێ بکەنێ سەیریان کا لە دوور
ئەم میللەتانە بە قڕ چن گشتیان
لە سەرمایەی ئەو نەکەوێ زیان
شۆڕشی عێراق ڕێی لێ بردە بەس
داما وەک بڕمێ بە سەریا هەرەس
ئینگلیس گوتی ئەی خەڵکی ڕۆژئاوا هاوار
بە فریام بگەن جارێکە و ئەمجار
لەم بانە بەرزە خراپ داماوم
کەوتە قاچی خۆم گشت تەڵە و داوم
خەڵکی ڕۆژئاوا گوتیان ئەم کارە کاری جەحایە
جەحای ئەم چەرخەش مام ئەمریکایە
هانایان بردە جەحای مام چەرخی بیست
ئایزەنهاور هاتێ هاواری مام ئینگلیسی بیست
گوتی ڕاوێژی ناوێ کاری وا
لەم تەنگایەنەی دەردێنم ئێستا
کەشتی و فڕۆکە و بۆمبا و تۆپخانە
ببەستنە قاچی لەسەر ئەو بانە
جا لە لوبنان و ئوردون تەکان دەن
تا بڵێی یەک و دوو ڕزگاری ئەکەن
فەرماندەرانی ئەمریکایی کە خستیانە پێی گوریسی سوپا
دنیا بە جارێ لێی کردنە هەرا
میللەتی سوفیت گاڵتەی پێ ئەهات
ئەیگوت هیچ شێتێ کاری وا ناکات
پێی پێ ئەکەنین شەشسەد ملیۆن چین
جگە لە باقی خەڵکی سەرزەمین
قاقای ئازادیخوازانی دنیا
دەنگی دایەوە گەییە ئەمریکا
خەڵکی ئەمریکا گوتیان ئەم ڕێگەت چۆن بە بیرا هات؟
ئابڕوومان پێی چوو لە هەموو وڵات
ئەو قوڕبەسەرەش گشت لەشی ورد بوو
ئەوا ئوردونیش لە چنگی دەرچوو
ئایزەنهاور گوتی جەحایی خەڵکی وەک ئێوە
خێر و سوپاسی ئاوای وا پێوە؟!
نازانن جەحاش باوکیان وا دەرکرد
ئەگینا لەناو چاڵاوا ئەمرد؟
کابرای بەنناسیان هەروا هێنا خوار
ئەمانەش سەرمەشق لە ڕووی ڕۆژگار
ئەمانە گشتیان نموونەی کارن
ئازووقەی بیری پیاوی هۆشیارن
کارانی دنیا هەبوو وەک یەکن
گشت بە شێوەیەک بەڕێوە ئەچن
هەر دوو مەسافەن بەرزی چاڵایی
هەردووکیان تامن شیرینی و تاڵایی
هەر دوو واستەن سوپا یا گوریس
هەر دوو داماو بوون بەننا یا ئینگلیس
ڕێگەی ڕزگاری فەننی ئەمەیە
ئیتر کەی جێگەی پرتەوبۆڵەیە؟
خەڵکی ئەمریکا تێکڕا کەوتنە قاقای پێکەنین
گوتیان بەم فەننە هەرگیز ڕازی نین
ئەمەی تۆ ئەیڵێی دوورە لە جەحایی
هەر بڕوێش ئەکەی وەکوو کونە
جەحای چەرخی بیست ئێسکت خواتەوە
بۆ ئەو هونەرەی وا بەلاتەوە
خۆمان هێزی ئازادی هیچ پێشی ناگرێ
با ئایزەنهاوریش لە داخا بمرێ
هەر میللەتێکی وریا بێتەوە
وەک لافاو ئەڕوا بەرەو پێشەوە
بەری لێ ناگرێ هیچ هێز و سوپا
سوپا و کا وەک یەک ئەڕفێنێ و ئەبا
شۆڕشی چین و ڤیتنام و کۆریا
هەموویان دەرسن بۆ مام ئەمریکا
بەڵام سەرشێتە و بەهەڵە ئەچێ
بان و چاڵاوی لێ وەکوو یەک دێ
گەڕایە دواوە گەلە کەشتی شەش
«زستان تەواو بوو خەڵووز ما ڕووڕەش»
یانی ئیستیعمار باوی بەسەر چوو
ڕووی خائنانی میللەتان ڕەش بوو
زەنجیری حەلفی بەغدا هەڵبڕا
تاپۆی ئوردون و لوبنانیش دڕا
تازە خەریکە جەحای ئەمریکا
پەیمانە شڕەی پینەوپەڕۆ کا
بووەوە خوری ڕیسەکەی بەغدا
تازە پەیمانی دوولا با ئەدا
لەگەڵ ئێران و تورک و پاکستان
«هاوین ئەخوازێ کڕیوەی زستان»
دوو لای لە پێنج لا پێی قایمترە
ئافەرەم چەندە ژیر و بەفکرە!
تازە ئەیەوێ پەیمان پەڕۆ کا
خۆی لەوە زیاتر سووک و تڕۆ کا
پێشی ئازادی بە پەیمان بگرێ!
نازانێ خۆی و پەیمانی ئەمرێ
ئاگری بە بەنزین ناکوژێتەوە
مردوو بە قاقەز نابووژێتەوە
غەدر بەنزینی ڕێی ئازادییە
بۆ غەددار مەرگ و نامورادییە
بە پشتیوانیی میللەتی سۆفێت
ئیستیعماری ڕەش ڕۆژی دوایی دێت
شۆڕشی عێراق چرای گەلانە
بانگی ئازادی و زۆردارنەمانە
جەژنی ئازادی گشت ڕۆژهەڵاتە
جەژنی ئیستیعمار هەڵات هەڵتە
ئەی قارەمانی عێراق هەر بژی
وەک ئەم موعجیزەت بۆ هێناینە دی