«باسێ لەو چلکنەی کە خەزاڵ نێوی هێنا»
لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
1 خولەک
634 بینین
ئەو چڵکنە کێیە تۆ بزانە
باسی ئەوە من دەکەم بەیانە
کابراتێکی ڕوو دزێو دز بوو
دەم چرچ و خووار و دیدە بز بوو
باڵا گەز و کۆسەپایی پیشکان
پشکووڕ و چکۆڵە وەک مریشکان
خۆ ون کەری شیو وکێو و دۆڵێ
وەک مار کە خۆی دەنا لە خۆڵێ
فێڵاوی و حیز و ترسەنۆکێ
دەخزاوە لە ژێری بڕکە نۆکێ
هەر ڕۆژە لە جێیەک و مەکانێ
هەر تاوە لە قوژبن و لە لانێ
گورگێ بوو لە بۆ شت ئەو بە بۆنێ
ڕێوی بوو لە ڕاوی کاڵە کۆنێ
دەی برد کە دەرفەتی ببایە
نەیبایە دەڕۆیی ئەو بەڵایە
چۆن بەندەنی ئەو ئەجندە چڵکن
بوو، بۆیی دەبوو بە نێو چڵکن
شوێنێ نەبوو خۆیی لێ بکا گیر
ئەو بوویی کەوان چەک دەگەڵ تیر
پەیکانی بە ئاوی ژارە مارە
خۆی ئاوی دەداوە ئەو سەهارە
لاواز و کز و پەشێوو دژ بوو
چۆناتەنە بوو فەقیر کۆژ بوو