«بێدەنگ نەبوونی پیرێژن و وەخەبەر هاتنی لاس»
لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
1 خولەک
634 بینین
ئەو دڵبەرە پەریە شۆخ و شەنگە
هەر چەند کە ئەوی دەداوە دەنگە
پەتیارە پتر دەکەوتە بۆڵە
هەر توندتری لێ دەدا دەهۆڵە
بەو قوولە لە خەو مەزن هەڵستا
دەی دا لە دەمی خەزاڵێ مستە
فەرمووی لە بۆ ئەمن کە نوستم
ناهێڵی کەوا لە خەو هەڵستم؟
شایی کەوە بێ هەڵمستێنی
وەردەگری لە زاری تۆ جوێنی
وا حەزتە بنووم و سەر لە سەر ڕان
بڕ دا لە کەژانە جەردە گاڕان
ئەو کارەیە بوو بە کاری پێشوو
نایێتەوە ئابڕو ئەگەر چوو
بێ عورزەیی بۆیە من دەکەی سووک
دڵخوازتە ژن لە من بکەن تووک
پێش ئەوهە کە جەردە بیڕفێنی
گاڕانێ، دەبوو هەڵم ستێنی
دەمگرتەوە ڕێگە من بە جەردان
دەم خستە بن بەڵاو دەردان
ئەوهەی گوت و ئەسپەکەی دەهێنا
ئەو ڕووی لە کێو بەندەنی نا
ئەو پەریە کە لاسی تۆوڕە بوو لێی
دۆعایەکی لێ دەکرد لە سەر جێی
دەیگوت کە خودایە تیری چلکن
وەو لاسە کەوێ، نەوەک بە کوشتن
ئەو زامەیە لەو ببێ بە ناسۆر
هەر بێشێ هەتاکوو دەشتە بن گۆڕ
دەی بیستەوە تووک گەر لە خۆیی
ئەو گوێی نەدایە هەر دەڕۆیی