«هەرا هەرای پیرێژنێکی بەدفەڕ لە هۆبەدا کە مانگایەکیان بە تاڵان بردبوو»

لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
 2 خولەک  609 بینین
یەک پیرەژنێ لە هۆبەدا بوو
بۆ هۆبە بە ڕاستی بەڵا بوو
بێ شەرم و بێ حەیا و بەد خوو
شەیتانی کەر و دزێوو و دوو ڕوو
دەیکرد کە لە هۆبە شیتە شیتە
دەتگوت کەوە غوولە ئەو سەڵیتە
یا ئەو ژنە سەر زل و دزێوە
بەو دیمەن و تەرحە دێڵە دێوە
مانگایەکی ئەو هەبوو بە تاڵان
چوو، کێشەیی هەر دەخستە ماڵان
ڕووی کردەوە تاوڵی خەزاڵێ
دە٣یگوت چیە لاسە بۆ لە ماڵێ؟
دانیشتووە تاڕوا کە گاڕان
بێ نیتەوە ئەو لە بۆ هەژاران
ئەو بێ دەگەڵ ئەو خەزاڵە هەمدەم
گاڕان ئەگەر برا، جەهەندەم
لەو ژوورەوە با بکا قوماران
چی داوە لە شیوەنی نەداران؟
ئەو دەستە ملانە وا دەگەڵ تۆ
باخەڵک لە هۆبە بێ بە بێ دۆ
دۆمان لە هەوار و هۆبە ناوێ
ئەو مەزنە دەکا کە گورگە ڕاوێ
غەمخۆری خەڵک نەبوو کە سەردار
پەتکی لە ملی خە تۆ لە سەر دار
پشکووڕە چەقەی دەکرد و نەبزووت
پاڕاوە خەزاڵە شۆڕ و دەیگوت
پوورێ مەکە دەنگ و دەی بژێرم
مانگایەکەی بۆ ئەتۆ دەنێرم
با لاس لە خەو نەبی خەبەردار
نابێ لە دزانە دەست بەردار
بەس بیکە بە قوولە و بە هەڵڵا
ئەو دەرکەیە بەردە ئەی بەرەڵڵا
ئەو لاسە هەمیشە بەر بەڵایە
ترسم هەیە بچتە ئەو چیایە
تیرێکی بەڵایی ناگەهانی
بدرێ لەو و دابنێ گیانی