«ئاڵی بەو قسەی لاسی زرێی دانا و بۆ شەڕ ئامادە بوو»

لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
 1 خولەک  626 بینین
جا غیرەتی هاتە جووڵە ئاڵی
مەردانە زرێی دادەماڵی
لەو هۆبە پیادە بۆ شەڕێ بوون
بێ تیر و کەوان و بێ زرێ بوون
ملیان کە لە داوەتێ وە شەڕ نا
خەنجەر دەکراوە هەر بە زوڕنا
دەدرا کە لە ورگی یەک بە نۆبە
دەنگی دەگەیشتە کەژ لە هۆبە
نۆ خەنجەری ئەو لە لاس ئەداوە
لای ڕاستەیی ورگی کون کراوە
هەندێ کە لەوانە کاریگەر بوو
ئەو زام و برینە بێ خەتەر بوو
گەر نۆرە گەیشتە لاس زانی
ئەو چۆنی لە ورگ ئەدا دەبانی
دەیدا لە چەپەی هەڵی دەکێشا
بۆ ڕاستە خەنجەری دەکێشا
ئەو تیغە لە سیپەلاکی هەڵ برد
جەرگ و دڵی بەو هەوارە وەر کرد
ئاڵی کە گیانی چۆوە دەر، مرد
ئاواتی خەزاڵی، بۆ گڵی برد