«ڕۆیشتنی عاشقان بە تووڕەیی بۆ لای مەلا نەبی»

لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
 2 خولەک  682 بینین
عاشق بە ڕق و هەرا و قینە
ڕوویان لە چادری نەبی نا
وەک ئەحمەد و وەک عەزیز و مامەند
وەک میر بوداغی ئەهوەن و مەند
گەر چوونە کن ئەو بە ڕوویی گرژە
لەو تاوڵە کا نەبی دەچرژا
گوتیان کەوە ئێمە خان و ئاغاین
بۆ پارە و ماڵ و موڵک وەک شاین
نێو بردەیی ئەو وەڵاتە ئێمەین
کارێ کە گران و قورسە دەیکەین
لەو خێوەتە ئەی نەبی کە دەدوێین
دەبزانە کە چین و ئێمە لە کوێین؟
هاتووینەوە تالەهوبەو دێت
نەتوانێ کە کەس زوڵم بکا لێت
دەگرینەوە ئێشک لەو وەڵاتە
بێ پارەو پووڵ و بی خەڵاتە
نەت بیستووە ئەی نەبی خەزاڵت
وەک جندە وەهایە هە لە ماڵت؟
ناکا لە عەشیرەت ئەو حەیایە
چوون کوردەیی ڕۆژ و شەو لە لایە
بەو کارە، لە تۆ کە ڕووی داوە
نامووسی مە بەو کچەی ڕژاوە
بیرێ وەکە ئەی ڕدێن سپی شین
بەو حاڵەوە نۆکەری ئەتۆ بین؟
ئەو کارە کە نازحەزەو بەد و نەنگ
گەر بێتوو ئەتۆش لێی نەکەی دەنگ
خۆ ئێمە لە سەر شەرافەت و دین
ئەو کوردە و یارەکەی دەکووژین
جا بۆ لەسەر ئەو هەموو جحێڵە
ڕووی کردووە لەو شوانە وێڵە
بۆ بێجگە لە کوردە کەس نەماوە
نێرینە لە نێو مەدا بڕاوە؟
عاشق ئەوەیان گوت بە گرژی
هەستان و، مەلا نەبی دەبرژی