«کۆکردنەوەی پیرانی دێ بۆ ڕاوێژ لە لایەن لاسەوە»
لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
2 خولەک
688 بینین
دێوەزمەیی شەو زەوی کە داگرت
ون بۆوە هەموو شت و خت و پرت
سەر قافڵە شەو لە زەنگبارە
پەیدا بوو بە قافڵەو قەتارە
قیلی لە هەواو عەرز پڕژاند
سەرتاسەری ئەو سیایی دەنواند
دانیشت لە ژووری هودەکەی میر
کردی لە خەزاڵە شۆڕە تەگبیر
هەر چی بە خەیاڵدا کە دێنا
چی سەوز نەکرد لەو شوێنە
لەو بارەوە پیرەکەی کەبوو کورت
هەستا لە وەتاغێ مەجلیسی گرت
هەر پیرێ کەوا هەبوو لە دێدا
دەیکردنەوە کۆ هەموو لەوێدا
لەو مەجلیسە گەورە میری میران
دەدوواوە گوتی بە شەو بە پیران
ماوێکە کە بولبولی ئەوینم
حاڵم نیە تاڵ و تووشە ژینم
گیرۆدەیی موویی دڵبەرێکم
دڵ کون بە مژۆڵە نەشتەرێکم
شەو ناڵە دەکەم هەتا بەیانی
خەو نایە لە تاوی چاوەکانی
مەحبووبەیی من خەزاڵە نێوە
وەک حۆرییە دڵبەرم بە شێوە
کیژۆڵەیە بۆ نەبیی گەورکان
سەر هۆزە مەلا نەبی لە ئێران
ئەو حۆریە مەسکەنی بەهەشتە
من وا لە تەلان و ئەو لە دەشتە
کوێستانییە ئەو ئەمن لە گەرمێن
دەستی منی کەی دەگا بە داوێن؟
پیر و چیە ئەی برایی هۆشیار؟
بیڵێن و ئەمن مەکەن خەتابار
ئەو کیژە دەبی بە شەڕ بهێنی؟
ئەو لاسە وە یا بە خازوێنی؟