«وەڵامی مامە پیرە»

لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
 1 خولەک  781 بینین
ئەو پیرە گوتی بە لاس بییە
کیژێکە گوڵی سەرایی نەبییە
ئاغایە بەڕێزە گەورە ماڵە
ئەو شۆخە سەرۆکە لەو مەحاڵە
وەک بازە بە ڕەنگ و دیدە بازە
مەمکی خڕە ئەو گەلی بە نازە
کەو خاڵە، بە لار و لەنجە سۆنە
ڕوو خۆشە نە گرژ و مرچ و مۆنە
ڕەنگ ئەسمەر و چاو ڕەشی بە بێ کل
دەم غونچەو ڕوو گوڵ و کەمەر شل
زەردەی کە دەکا لە لێو و زاری
لەو جێیە بە باقە گوڵ دەباری
هەرچی کە ئەتۆ بڵێی جوانە
بەڵگەی هەیە خۆ ئەلەو جوانە
ئیرانییە یاری تۆ گەورکە
زیاتر لەوە لێم نایە کورکە
ماندووم و لە دوورەڕێوە هاتووم
بێ هۆشم و هەر دەڵێی کە مردووم
نەگری کە لە ئێمە تۆ ڕق و قین
ئەو مایینە پش بە زینە ئی وین
هی ئێمە دزاون و نەماون
وەبزانە کەوا فرۆشراون