باسی دزرانی دوو مایین لە ڕەوەی لاسی
لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
2 خولەک
652 بینین
ڕۆژێکی لە ڕەوکەوانی ئاغا
دوو مایینی توند و تۆڵ و ساغە
وەک غوول و ئەجندە ئەو وەڵاغە
ون بوونەوە بێ سەرو قوڵاغە
هەرچەن لە هەموو هەوار و دێیان
عالەم دەگەڕاوە کەوتە ڕێیان
هیچ کەس نەبوو ئەو دووەی کە دیبن
شوێنێ نەبوو لەو کەتێپەڕی بن
ئەو کارەیە گەر بە لاسی گوترا
دەتوایەوە هەر دەبوو بە قەترە
وا بیر دەکراوە گە داخان
هەر ئەو دەمە مل دەنێ لە شاخان
هەلویشکی کەوا ببوو بە سەردا
لەو خاکە مرۆیی لاوو وشیار
گورگی شەکە یا مەڕی نەبربوو
کەس زوڵمی لە موڵکی ئەو نەکربوو
جا بۆیە کە لاس ئەوەی دەزانی
باری غەمی قورس بوو لە شانی
ڕووی کرد لە پیاوو نۆکەرانی
دەیگوت کە دەبینن ئێوە نانی
پێو کەس نیە کەس لە دێ و شاری
شێرن لە چیایی کوردەواری
یەک دێوی بەشەر دەخا لە نێو بەند
یەک چەرمی لە شانی ئەژدەها سەند
یەک تیری بە ڕق دەدا لە ماری
شاهێنەیەکێ لە بۆ شکاری
بێ سەر بووە کەرگەدەن بە شمشیر
هەر بەورە بە ئێوە بوو بە یەخسیر
هەر سەنگەری سەخت بێ شکاوە
هەر دوژمنە گەردنی بڕاوە
بەوجۆرە لە خواردنێ دلێرن
موو زوور و دلێرو لاوو شێرن
گەر نان خواروە وەک ژنانن
سەرشۆڕ و درۆزن و نەزانن
بەورن لە کولێن و کونجی ژوورێ
ڕۆستەم گر و گورگی سەر تەنوورێ
کۆڕ و بە هەوا و زمبەزبە
دێو دیمەن و پاڵەوانی پەمبە
شاخی بە دەمی دەبان دەدڕن
فیلن کە هەموو بە خۆوە دەخوڕن
دوو دانە وەڵاغی من دزاون
ئێوەش لە کەلێن و کون خزاون
گوێ بگرن ئەلەو وتەم وەبن ورد
قەستەم بە شەڕافەتی گەلی کورد
گەر بۆ کەژ و کێو و دێ و شاران
ئەچن و نەکەن ئێوە پرسیاران
سوراغی لە مایینی دەون بوو
ئەی هێننەوە ئێرە، یەک دەرەندوو
دەی دەم بەوە زیوەری ژنانە
تا ببنە بە پەندی ئەو جیهانە
کێ قودرەتی ئەو شتەی دەبێ بێ
ئەو ڕۆکە وەڵاغی لاسی بدزێ؟
بۆ لەو غەم و دەردە من نەناڵم؟
دز بێت و بکا تەما لە ماڵم
شەربێ کە من ئەو چەتەم وەدەس کەوت
بدڕم زگی ئەو گەلۆری سەرچەوت
تا بێتە بە پەندی خەڵک و ئیدی
بەشقم کە دزی نەکا کەسی دیی
خاکی دزە هەر بە تورە ئەسپان
دەگوێزمەوە دەرد دەدەم بە جەردان