کەرەسەسازکردنی خودای مەزن بۆ یەککەوتنی لاس و خەزاڵ
لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
1 خولەک
625 بینین
کارێکی دەکا خودا کە مەیلی
لێ بێتوو بدا بە لاس لەیلی
دێنێ کەرەسەی لە بۆ دەکا ساز
تا یەک کەون ئەو بە دەنگ و ئاواز
یەزدانە کە کارسازی کاران
دڵخۆشییە ئەو دەدا بە یاران
نابێ کە هەتا هەتایە وابن
هەردوو بە پەژارە ئاشنا بن
ئەو گەورە کە دەس بدا لە کارێ
دەیکا، نیە بۆ وی دەست بارێ
ئاواتی دڵ ئەو وەدیی دەهێنی
دەبڕێتەوە خەم لە دڵ شوێنی