گەڕانی خەڵک لە هەندەران بۆ دیتنەوەی مایین، دوای تووڕەبوونی لاسی
لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
3 خولەک
659 بینین
گەر لاس لە نۆکەرانی بوو توند
جوتێر و غوڵام و دەست و پێوەند
بەریان دەناوە هەر لە چۆڵان
سووڕانەوە چوونە شیوو دۆڵان
پیرێکی بە هەڵمەت و جوانی
ئەو بوونە ڕەفیق بۆ گەڕانی
لەو کوترە لارە و خواری
قەندیل و چیاو و جێ هەواری
سەرتاسەری کێوەکانی عێراق
سووڕانەوە هێندە تا سوا لاق`
هیچ کەس نەبوو گەر بڵێ بەوانە
بڵگێکی لە مایین و دزانە
ئەو جارە کە سەر چیایی ئێران
بۆوانە دەبو وەجێگە سەریران
لەو خاکەیە وەک هەڵۆ دەسووڕان
تا گەینە هەواری شاڵە بەگیان
لەو بەندەنە گەینە یەک هەوارێ
نابێ کە بڵێی هەوار، شارێ
شارێکی تەمیز و عالەمی زۆر
جوانانی ڕەش ئەسمەر و پەلک شۆڕ
پۆل پۆل دەهاتن ئەو بە نۆبە
بۆکانی و مۆڵەمەڕ لە هۆبە
ڕوویان کە دەکردە کانی و ئاو
کوڕ عاشق و کچ بەرۆک بە دراو
کیژوو ژنە وەک پەری بە بەرموور
کوڕ لێی دەوەشاوە تافتەی سوور
بەگوارەو کرمەک و دراوان
هۆشی دەڕفاند کچ لە لاوان
دەستێکی ستێرە تاقمێ خۆر
وەک مامزی شیوو سەر خڕ و گۆڕ
هەرکەس کە ئەوەی لە هۆبە دیبا
بەو خامەک و هەوری و بە دیبا
دەی دی لە کە چەندە وێنەدا شت
سەرسووڕ لەوێ دەماو دەیگوت
ئەو هۆبەیە وەک بەهەشتە ڕەنگین
ئەو کیژ و کوڕانە لێرە حۆرین
ڕەشماڵی لە ڕێزە هەڵ درابوو
ئەو چیغی بە دەورەوە داکشابوو
ڕەش ڕستەیی پڕ گرێ لە ڕەشماڵ
بەسرابوو لە سینگ و لێی ببوو خاڵ
وەک بسکی کچانی کورد وابوو
سەربسکی بە ئاوریشم چنابوو
سەرتەپڵەیی ڕەش کەزی لە ڕەشماڵ
نیشتبوو لە چڵانە هەر وەکوو داڵ
ڕێزی کەوە دوو بوو تاوڵی پان
نێو بەندی هەموو ببوو بە مەیدان
لەو جێگەیە پۆلی چاومەستان
بۆ بەزم و قومار ڕادەوەستان
دنیایەکی بێ غەمی لەوێ بوو
ئەو خەڵکە هەموویی دڵ بە جێ بوو
کەس دوژمنی کەس نەبوو لە دێدا
شادی بوو بە ڕۆژ و شەو لە دێدا
بۆ یەکتری عالەمێکی غەمخۆر
لەو هۆبە نەبوو نە زوڵم نێ زۆر
جا بۆیە بە خۆشی و برایی
ئێوارە دەبۆوە بەزم و شایی
هەڵپەڕکی و بەزم و پێکەنینە
عەسرانە دەکەوتە ئەو زەمینە
ئێوارەیی هۆبە دڵگۆشا بوو
هەر کارە لە هۆبەدا دەمێ بوو
بۆ کوڕ کەوە کیژ هەمدەمی بوو
ئێوارە دەمی لە سەر دەمی
کچ بەو کەسە بۆ مەمەی مەمی بوو
دەیگوت مەکە هەر لەرەی مەمی بوو
ئێوارەیە وا ژن و کوڕ و کیژ
دەبزوونەوە وەک هەڵۆیی پەڕ تیژ
باڵ و پەڕ و پۆ دەکەن بڵاوە
چون بەزمی هەوار و هۆبە باوە
ئێوارەیە دەس بەتاڵە خەڵکە
ئەو کاتە لە هۆبەدا بە کەڵکە
ژن دێ بە هەوایی لەنجە دەڕوا
بەو بەژنەیی شلکە مێو سەروا
سینگی کە وەدەر دەخا بە لووسی
دڵ تامەزرۆیە ڕای بمووسی
با پەرچەمی گەر دەکا بڵاوە
بەو داوە دەخاتە داو لاوە
دەڕوا کە کچێ لە بۆنە دیوان
تاووسە لە بەندە و لە شیوان
کیژێ کە جل و بەرگ دەگۆڕی
بەو زەردە پەڕەی دەبۆ وە حۆری