دەمی تەنگی خەزاڵێ

لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
 1 خولەک  621 بینین
دەم تەنگ بە ڕەنگی غونچە گوڵ بوو
دەرمان و دەوایی دەردی دڵ بوو
لێوی کە دەبوو بە زەردە یاقووت
بەو زەردەوە غونچە گوڵ دەپشکووت
چون زاری ئەوەندە تەنگ و خڕ بوو
وابێ کە نەچێ لەوێوە سنجوو
کاتی بزە وەک گوڵی بەیان بوو
هەر ئەو دەمە دەم خڕ و جوان بوو
ئەو دەم گوڵە وا لەبەر دڵان بوو
سەرچاوەیی ژینی عاشقان بوو
وەک قەند و نەبات بوو وتاری
ئەو دەم کە دەهاتە دەر لە زاری
شیرین بە شکڵ و تەرزە شیرین
نەشمیل و لەبار و وێنە نەخشین