هاتنی ئەحمەدئاغا بەو نامەوە
لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
1 خولەک
607 بینین
ئەو نامەیە گەر دەگەییە خانی
هەستا بە هەوایی پاڵەوانی
نەیکرد دەمارە شێری سەرمەست
بۆ شەڕکەرەسەی هەموو لە خۆ بەست
بێ نۆکەرە تیژتر لە سەڕ سەڕ
ڕۆیی بە هەوای کردنی شەڕ
دەیگوت نەچم ئەو دەڵێ کە حیزە
بێ غیرەتە یا نە زۆر بە فیزە
بەو بیرەوە خۆ دەڕۆیی سەردار
تا گەییە قەڵایی پیرە ڕەشمار
ئەو شێخە بە باوەشا وەریگرت
ئەسپی لە تەڵا و گەوهەری گرت
گەر چوونەوە ژووری باڵەخانە
دەیکردەوە دوڕ وەشان خانە
ناکۆکی لە نێو ئەوانە لاچوو
دڵ هێشی و عاجزی نەما بوو
چەن ڕۆژە بە مەی دەبۆوە سەرخۆش
دەکراوە غەم ئەو دەمەی فەرامۆش
بۆ شێخی عەرەب هەبوو لە دەشتی
باغێکی جوانی وەک بەهەشتی
ئەو باغەیە پڕ لە سونبوڵ و گوڵ
دەی ششتەوە دەرد و غەم لە نێو دڵ
ئەحمەد کە لە باغ ڕایی دەبوارد
لەو چیمەنە مەی بە ڕۆژ دەخوارد