نامەنووسینی شێخی عارەبان لە ئەحمەدئاغا
لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
3 خولەک
712 بینین
بۆ گەورەیی باڵەکانە نامە
نووسی بە هەزار ئاو و تامە
نەخشا سەرەکەی بە نێوی یەزدان
فەرماندەیی ئاو و باو و باران
ئەو دانەر و ڕەنگ ڕێژی عەرزە
ئەو هەڵدەری ئاسمانی بەرزە
ئەو هێزی کرانی دا بە ئینسان
وا ڕۆیی لە مانگ ئەبوو بە میوان
پێغەمبەری ناردوون بە عیززەت
تا ببنە بە شەو چرایی میللەت
سەرداری ئەوانە موستەفا بوو
ئەو گەورەیی خێڵی ئەنبیا بوو
لە دوایی سەنایی ئەو خودایە
داوام لە میری گەورە وایە
ئەو ئەحمەدە لاوە هەر بمێنێ
با سەڕسەڕی مەرگ نەیدڕێنێ
گەش بێ گوڵە سووری ئاوەتی ئەو
نەشکێتەوە شان و شەوکەتی ئەو
نەیبێ چ غەم و بەڵاو دەردە
بێ شیوەن و ناڵە بێ لە هەردە
بارانەیی نەگبەتی هەژاری
تا ماوە لەسەر سەری نەباری
حاڵم دەبزانە چۆنە یارم
ماوێکە لە بۆ وەغەم بە بارم
ترسم هەیە گەر چرۆیی ژینم
بڕزێت و ئەمن ئەتۆ نەبینم
چاوم کەوە هەر لە لایی گۆڕە
تۆ دەنگ لە ئێمەدا مەگۆڕە
با ئاشتەوە بین و با برا بین
بۆ ئێمە برا لە یەک جودا بین؟
پیرێکم و سستە پێو ولاتم
بۆ باڵەکە خۆ دەنا دەهاتم
فەرموو وەرە ماڵەکەم بە قوربان
دانیشە بە ڕوویی گەش دەگەڵمان
بڕوانە بە دیدە تۆ لە قورئان
خێری هەیە ڕوو بکەی لە خزمان
زوو بفڕە بە باڵ وەک قوڕینگە
کارم هەیە کارەکەم گرینگە
بەو نامە جوانە ڕوو کە ئێرە
ئەو هاتنە بۆ هەرایی شێرە
شێرێ لە نزار و چوخری مندا
یاغی بووە وایی لەو دڕندە
وار و وشەیە بەورە بێ کە تووشی
وەک لووشە بەشەر هەڵیدەلووشی
کەڵ بێتە سەر ئەو بە زۆرەبانی
دەیخاتەوە هەر بە پیلە پانی
چنجۆرکی کە داوە ئەو لە ناوک
دەیخاتەوە وردە وەک چراوک
لەو شێرەیی گرژە موو و برسی
کێ بێ کە نەلەرزێ و نەترسی؟
ئەی خان ئە تۆ کە قارەمانی
شێر خۆرەیی سەنگەر و شەڕانی
بۆ کوشتنی شێر بێ درۆیە
هەویام ئەلێرە هەر بە تۆیە
خۆ ئێوە دەگەڵ منیش کە نەدوێن
بۆ ئەو شەڕە شێرە هەر دەبێ بێن
لەو نامە کە نووسراوە ڕازە
دەیداوە وە یەک مرۆیی ئازا
دەیگوت کە ئەتۆ بڕۆ بە پڕتاو
هەر بیدە وە دەستی ئەحمەدی لاو
بیهێنە کە هات و نۆکەری بە
بۆ گرتنی ئەسپ مەیتەری بە
ڕۆیی چەپەری عەرەب نەبوو گیر
تا نامە دەگەییە ئەحمەدی ژیر