هاتنە مەیدانی تەیموور بۆ شەڕی ئەحمەدئاغا
لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
1 خولەک
616 بینین
ئەو جارە کە بۆی دەچوو وە تەیموور
دێوەزمەی دڵ سیا و بێ نوور
نێزیک دەبۆوە گەر لە خانی
بۆ خۆی و هەموو ڕەفیقەکانی
وەک بەورە جوانی سەر بە شۆڕش
دیبردەوە بۆ ئەوانە هێرش
شیرێکی لە سەر تەریدە داوە
دوو قەڵت دەبوو وە ئەو بڕاوە
تەیموور کە کەوت و بوو بە دەوڵەت
دەبڕا لە دزو و چەتانە تاقەت
یەکیان نەدەماوە بێ قوتارە
کوژرانەوە ئەو لە کێو و پارە
تەرمەک بوو لە ئاخر و دڕاڵان
دەخوراوە بە قشکەڵە و بە داڵان
دەیکوشت کە ئەو چەتانە ئەوجار
نەسرینی لە ئەسپەکەی دەکرد بار
ئاغا لە بەرابەر ئەو جوانە
نەدواوە ئەلەو شەڕە و چەتانە
باسی نەدەکرد ئەو لە کوشتنی وان
لەو بارەوە یەک دەم ئەو نەدەدوان
پێی نەنگ بوو ئەو ڕەشیدە مەردە
بدوێ کە لە خۆیی یا لە جەردە
تاریف لە خۆیی بۆ ڕەشیدی
هەر پیشەیی ترسنۆکە ئیدی
هەر حیزە کە سەرکەوێ دەبێ هار
دەیکاتە بەغڵووە و بە هاوار
چون مەرد و دلێرە دەنگ ناکا
گەر سەددی سکەندەری خەرا کا