هێرشی چەند چەتە بۆ سەر ئەحمەد

لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
 2 خولەک  619 بینین
دەستووری کە داوە سەر تەریدە
بەو جەردەیی باکەس و گەڕیدە
بۆی چوونەوە هەر وەکوو کولارە
گیرایەوە ڕێگەیە بەو سوارە
تێ ڕادەخوڕی یەکێکی هەرزە
زوو دابەزە لەو وڵاغە بەرزە
هەر وستە کە تۆ بکەی دەکوژرێی
لەو کێوەیە هەر لە گۆڕ دەخرێی
بەو جەردە و بەو چەتەی دەبێ خێر
دەدرایەوە دەورە ئەحمەدی شێر
پێیان وەها بوو ئەی دزەی ڕووت
ئەو لاوەیی بێ هەرا دەکەن ڕووت
ئەحمەد کە ئەوەی دەدیی بە شیری
چواری دەجنین وەک پەنیری
دەیکوشتەوە ئەو پەتەی دە دمبۆر
لەو کێوە بە شیر یا بە ساتۆر
لەو هانە یەکێ دەرچوو بەرەو ژوور
تا بەردەمی سەر تەریدە، تەیموور
سەرگۆتەیی ئەو دزەی ببو زەرد
گربوویی لە ترس و لەرزەدا، دەرد
دەیگوت کە بزانە ئەو جوانە
وەک شێرە نەزیری قارەمانە
خۆ کەس نییە گەر بەوی بوێرێ
خالیدی لە ئەسپە هەڵدەدێرێ
تەیمووری تەریدە گەر ئەوەی بیست
ئەو کاتە لە ترسدا لە خۆی میست
بۆ دانەیی دیکە لەو چەتانە
دەیکرد لە بۆ شەڕێ ڕەوانە
هاتن کەوە تۆ چەتەی دز و بەد
بەوهانەشی ڕێ دەگرت ئەحمەد
چون کوشتنی جەردە بوو مەبەستی
شمشیری حەوا دەدا لە دەستی
هەر نۆیی بە نوورە یەک یەک و دوو
بێ هەست دەکرد ئەو بە بازوو
بازوویی دلێری خۆ نەبوو شل
دەیخستەوە لەو کەژەی سەر و مل