باسی تەیمووری چەتە و چاوپێکەوتنی بە ئەحمەد و نەسرین
لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
2 خولەک
640 بینین
لەو کێوە هەبوو قەڵایەکی کۆن
لەودا هەبوو چەن دز و چەتەی مۆن
چل دانە تەریدە لەو قەڵایە
دابوون، لە بۆ خەڵک بەڵایە
تاڵان کە پیشە بوو لە بۆ وان
ڕۆژا نە لە ڕاو و ڕووت دەدوان
ئاواتی ئەوانە ڕێگری بوو
ڕێیان لە عالەمێ بڕێ بوو
سەرکردەیی ئەو دزانە تەیموور
بۆ ئەو دزە هەر بە نێو و موو زوور
چەن شۆڕە سواری سەر بڕیبوون
چەن دانە مرۆیی زگ دڕیبوون
چەن ماڵی لە ژین و ماڵ کردبوو
گیان و سەری سەر بزێوی بردبوو
ڕوو ترش و برۆ بە گنج مل کووڕ
بەد گووز و بە ڕەنگ و ڕویی تەیموور
وەک غوول شەڕانی و گرژ بوو
بەدخوو و بەد و ڕەش و برژیوو
تەیموور کە ئەحمەدی جوانی
بەو کیژە جوانە دیی لە کانی
وەک شێر لە سەنگەری چیادا
هەستا و بە دەعیە خۆیی بادا
دەستووری دەدا بە پەنج جەردە
گەر بچنە سەر ئەو سوارە مەردە
شمشیری بدەن لە شا ڕەگانی
بی بڕنەوە دارەکەی ژیانی
هەرچی کەوە بێ ئەبە و سوارە
لەو ئەسپە زین و پووڵ و پارە
دوا کوشتن و زگ دڕێن و گرتن
ئەو ماڵە وەدەس بخەن لە دوژمن
بۆ ئێوە حەڵاڵە چی کە ماڵە
هەر ئەو کچە پەریە چاو کەژاڵە
ماڵی منە بۆ منی بهێنن
گوڵغونچەیی نەرمە نەیژەکێنن
مەمکی خڕ و تورتی ئەو جوانە
مەیشێرنەوە ماڵی گەورە تانە