شەڕکردنی ئەحمەدئاغا دەگەڵ تەیمووری چەتە

لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
 2 خولەک  706 بینین
مەیگێڕە دەمی هەرا و جەنگە
تاڵووکە لە مەی کە چوون درەنگە
بەو ئاوە ئەگەر گەروو بکەم تەڕ
دەگرم لە کەژ و چیایە سەنگەر
بەو شەرتە ئەو دەمەی کە کاسم
خۆ نیمە لە ڕۆستەما هەراسم
بیهێنە بە کوجەڵە و بە جامان
دانیشە بە ڕوویی گەش لە لامان
گۆرانی و بەیت و باوی کوردی
بۆ ئێمە ئەتۆ بڵێ بە وردی
با ئەوجە لە غیرەتم بجوڵێ
لەش ئەو دەمە بێنە دەر لە خۆڵێ
بەینیکە لە جەنگەڵی ئەوینم
هەمدەم بە پەژارە و بە شینم
داماوم و تاقەتم نەماوە
بێ هێزم و غیرەتم شکاوە
تۆ دەفتەری عاشقانە دانێ
ئەو باسە وەپێچە هەر وەلانێ
با ئێمە لە بۆ چەتە و تەریدان
هەستین و بچینە شەر لە مەیدان
لادەین لە ئەوین و عیشقبازی
ڕوو کەینە شەر و هەرا بە سازی
بۆ جەردەیی ڕێگەگر لە کۆسار
هەڵکەینەوە ئاوری شەڕ ئەوجار
دەوێمەوە لەو مرۆیی شەڕکەر
لەو کوردەیی کچ عەرەب ڕفێنەر
ئەو کاتە بە زۆر گەر کچەی برد
ڕووی کرد بە ئەسپە ئەو لە یەک گرد
ئەو کێوە لە پچکە دار پڕ بوو
بێ ڕێ و تەلان و تەرت و چڕ بوو
ڕۆیشت بە تەقڵە نیوەڕۆیە
سەرکەوت لە کێوە ئەو مرۆیە
لەو دیوە دەگەییە کانییەکی
زۆر سەرد لە بن قەدی بییەکی
گەر دادەبەزی لەسەر ئەو ئاوە
لەو چیمەنە سەوزەدا حەساوە
نەسرین کە وەسێوی سەرلکان بوو
نەشمیل و ڕەش ئەسمەر و جوان بوو
قاچ و قولی ئەو دەنا لە ئاوە
لەو ئاوە لە ڕوویی خۆی دەداوە
دەیشوشتەوە ڕوو لە ئارەق و تۆز
دانیشت لە سێبەرا کچی قۆز
شەوقی کە لە دارەبی دەداوە
دەتگوت کەوە بەرقە هەڵکراوە