سکاڵای ئەحمەد لە دەس فەلەکی کەج ڕەفتار
لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
4 خولەک
811 بینین
ئەو جارە گلەی لە دەس فەلەک بوو
هاواری لە چەرخی پڕ کەڵەک بوو
فەرمووی فەلەکا ئەتۆ لەسەر چی؟
خستووتمە بن بەڵاو و پەرچی
مێشەی خەفەتی دڵم بە سامە
پڕ داری بچووکە یا زەلامە
بڕوانە ئەتۆ لە لێڕەوارم
من خاوەنی سەدهەزار دارم
هەر داە نموونە بۆ غەمێکە
هەر پەلکەیی وێنە ماتەمێکە
هەودایی ڕەگم کشا بە دەردان
هاڵۆزە بە دەم دڕۆ و بەردان
دڵخۆشی من فەلەک مەحاڵە
هەر تاوەیە غەم دەکەی حەواڵە
ویستووتە هەمیشە دڵ بە غەم بم
لە خوێنی دڵم بخۆم و جەم و بم
ویشک وتەڕی دەرد و غەم لەسەر من
واکەوتووە دڵ پەشێوە دوژمن
دوژمن بەزەیی بە حاڵی زارم
دا دیت و ئەتۆیی بویە مارم
پڕ زار دەکەی دڵم هەموو دەم
پەیدابووەبۆمە دەرد و وەرهەم
بەو گەردشی تۆیە ئاسمانا
لێم بۆتەوە لێڵ ئەو ژیانە
بەیبوون کەوا ژیانی من بوو
گیراوە بە دەستی تۆوە ون بوو
ئەو خەزنە کە کەوتە دەستی قاڕوون
دەکرا لە تەلەسمە هەر بە ئەفسوون
ئەو شۆخە جوانە وادەبوو ون
وەک بەرد لە گۆمی قووڵ و بێ بن
ئەی وای فەلەک لە کاری تۆ وای
یەک دانە سەر و هەزار سەودای
هەردەم بە هەراو و زەبروزەنگی
وەک بووقەلەموون چەندە ڕەنگی
کێ بێ، لە هەڵۆیی تۆ کە ڕزگار
بێ، ئەی فەلەکا نەبێ کە زامار
بیدەی بە کەسێ ئەتۆ کە شەکری
دوایی دەخوا بە بار ژەهری
چی کردووە ئەی فەلەک گەلی کورد؟
جەرگی بە چەقۆیی غەم دەکەی ورد
سوڕ و خولی چەرخی ئەو زەمانە
بۆ سەر دڵی ئێمە وەک دەبانە
کەودارە، بەکەو دەدا کە گێژی
کەللەی سەری خەڵکە دا دەبێژی
کەی دێ بەزەیی فەلەک بە عالەم؟
هێنابی لە بن، قەڵایی حەستەم
هەرچی کە ڕەشیدە یا نە حیزە
کردوویە لە گۆڕ یا لە دیزە
گەنجێ کە لە بۆ گەلی لە بارە
زیندانیە یا درا لە دارە
بڕوانە لە هەرد، چی ڕەمەندە
سەرگۆڕی گەدا و دەوڵەمەندە
زیندانی کراوی سەرنگەری تۆن
گیرۆدەیی ماڵی شەشدەری تۆن
بەو عالەمە تۆ دەبەی کە سەبکە
سەرپاکی دەخەیتە داو و تەپکە
بەس زاڵمە تۆ تنۆکە ئاوان
بڕژێنە بە دەرد و غەم لە چاوان
دێ ئەو هەل و ڕۆژە زوڵم پیشە
ببڕێتەوە داری تۆ لە ڕیشە
بنچینە و بنچی تۆ ستەمکار
دەڕزێت و لە زوڵمدا دەبی لار
جا تۆڵەیی بێکەس و فەقیران
دەکرێتەوە ڕۆژی خۆ بە شیران
هەرکەس کەوە زوڵم بێ ڕەوشتی
لاچوون و نەمانە، سەرنویشتی
مێژوو کە هەموو شتی دەنووسی
دەنوێنێ بە خەڵک چارەنووسی
ئەو عالەمە دەردەچێ لە مەیدان
کێ خاوەنی موڵک و ماڵە؟ یەزدان
گەر بێتەوە کاتی تۆڵەساندن
دەڕوا لەسەر ئێوە خۆ نواندن
زاڵم کە نەما زەمان و وەختی
موراوە دەدا لە مویی بەختی
تەرمی دەخرێ لە لا بە ڕۆژی
ئێسقانی دڕندە دەی کرۆژی
ئەو دەم کەوە بوو زەمانی قودرەت
بێ بۆ گەلی بەشخوراوە دەرفەت
سەرپەنجەیی ئاسنی هەژاران
دەدرێ لە گەروویی نابەکاران
ئەو دەیکۆشی هێندە تا دەتۆپی
مەشکەی بە تەقەی دەگاتە تۆپی
ئەو مل هوڕە هەر کەبۆوە سەرشۆڕ
دەڕوا بە ملی کەچی بەرەو گۆڕ
ئەو کاتەیە باوە بۆ فەقیران
ئازادیی بەندیی و ئەسیران
دڵخۆشیی زوڵم لێکراوان
مەڵحەم دەری جەرگ و دڵ بڕاوان
هەڵپەڕکێ لە شادیا دەگیرێ
ڕیحانەیە، بۆ، دەبا لە سێری
کیژۆڵە و پۆلە کوڕ بە کۆمەڵ
شایی گرن هەر دەبن کە تێکەڵ
گەل گەردنی ئارەزوو مافی
دێنێتەوە دەر، لە بن تەنافی
ئاغایی غەریب ماو و تەنیا
بەو جۆرە دواوە ئەو لە دنیا
بەو ڕاز و نیازە چۆوە بۆ ماڵ
دڵ پڕ لە کوڵ و پەشێو بێ حاڵ
نەبزووت و نەهاتە دەر لە ماڵێ
ئەو لاوە، هەتا دەڕۆیی ساڵێ
خزمەت بە وڵاغە ئاوسی خۆی
گر بوی لە تەویلەدا وە ئەستۆی