جوانوو دیتنی ماینی ئەحمەدئاغا
لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
2 خولەک
701 بینین
مایین کە لە ئەسپەسووری پێشوو
بوو، ئاوسەزا بە یەک جوانوو
ئەسپی وەکوو ئەسپە سوورە ڕەنگی
هەر ئەو، بە پەل و سم و بەدەنگی
وەک بابی بە دیمەن ئەو هەتیوە
دەتکوت لە تفەنگی دەرپەڕیوە
جانوویی لە ئەسپە سوورە گەر دی
لاچوو لە ئەمیر، ڕەنگ زەردی
ئەو میرە بەو ئەسپە و بە بوونی
نەیماوە نەخۆشی و زەبوونی
چابوونەوە و خۆرە و برینی
سەرسەوز دەبووە داری ژینی
سوور هەڵدەگەڕاوە ڕویی زەردی
دەیدا سەری نەگبەتی لە بەردی
ئاسوودە لە غەم کەبوو خەیاڵی
شادی مژی ماتەمی دەماڵی
لەو ڕۆژەوە ئەسپە گچکەڵەی سڵ
پەروەردە دەکرد هەر وەکوو گوڵ
تەعلیمی دەداوە وردە وردە
تا بۆوە بە ئەسپی نێو و بردە
وەرزی کە دەگەییە چار ساڵی
هەیبوو لە جیاتی لاق، باڵی
هەرباس لە شکڵ و شەوکەتی بوو
ئەو وێنەیی ڕەخشە، شۆرەتی بوو
نەیبوو کە هومێد ئەو بە ژینی
بەو ئەسپەیە هەر نەماوە شینی
کە سواری دەبۆوە هەر بە قۆزی
تاریفی دەکەوتە خێڵ و هۆزی
بۆ وی بە هەموو دەم و بە زاری
دوعا دەکرا لە چاو و زاری
وەک ڕۆستەم و ڕەخشە خۆی و ئەسپی
ڕمبازی و چوونە کێوە کەسپی
ڕۆژ و شەوە هەر نەبوو قەراری
دەخولایەوە وەک مەلی نزاری
ڕێگایی دە سەخت و نالەبارە
دەیکرد بە ناڵە ئەسپ، پارە
کوێستان و چرۆ و کەژ و تەلانە
ئەو بۆیی دەڕۆیی ڕۆستەمانە