پێکەنینی شێخی عارەبان بە ئەحمەدئاغا و ئامۆژگاریکردنی

لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
 1 خولەک  659 بینین
ڕووی کرد لە خان و شێخ زەردی
پێگرت ئەبەو جوانە مەردەی
دەیگوت چییە بۆ لە دووم وێڵی؟
کەللەت پڕە چون ئەتۆ جحێڵی
تۆ هێندە بە یەکسمی جوانوو
بۆ خۆ دەکەی ئەی جوانە، مانوو؟
ئەی لاوە شەقاوی ماینی خۆت
بیپێوە هەتا وەدەر کەوێ بۆت
ئەو جارە بە بازی ئەسپە کەی من
ئەندازەیی بگرە تۆ سەر و بن
گەر بازی وەڵاغی من زیاتر
بێ، ناگەیە من کە بیبە ئاور
تۆ تۆڵە لە ئێمە ناستێنی
ئەو ماینە تا بەری نەهێنی
جا بەو بەرە ئەی هەتیوە زۆڵە
وەربگرە تۆ لە شێخ تۆڵە
لە ڕکێفی دەداوە ئەو قسەی گوت
گربووی لە مێز و باوەشی بوت