ئاگاداربوونی ئەحمەدئاغا لە کاری شێخی و شاڵاو بۆبردنی
لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
2 خولەک
695 بینین
لەو لاوە لە لاوە کورد گەڕاوە
بەیبوونەیی وا دەدی بە چاوە
دنیایی لە کن ئەوا دەبوو ڕەش
وڕما و دڵی دەبوو بە دوو بەش
وەک هەوری ڕەشی هەوەڵ بەهاران
دەیڕشتەوە ئەو لە دیدە باران
ڕووی تێکرد و بۆی دەچوو بە قەڵسی
لەو گورگەیی دڵ سیا و برسی
فەرمووی چییە کوندە هولی سەرکەل؟
تۆ بۆیە بە داوی گرتنی مەل
ئەو ڕۆژەیی من دەبەی بە تاڵان
ئاوایی ئەتۆ دەکەی لە یاڵان
تاریکە، کە ئەو نەبێ، دڵی من
بێ نووری چرایە مەنزڵی من
دەبڕێتەوە لەو لەشەی گوڵم تیشک
سەرچاوەیی ژینم هەر دەبێ ویشک
تیشکی کە نەما دەبێ بە پۆشی
ژاراوی خەمانە دڵ دەنۆشێ
لە خودایی کە مەزنە تۆ بترسە
ئەو کارە خەتایی زۆر و قورسە
گیانی منە وا لە گەمیە دایە
لەو بەحرە بە تۆ دەبێ ڕەهایە
ئەوهەی کە ئەتۆ بە دیل دەیبەی
شوو دارە لە نێوە نایە مارەی
مێردی وەیە ئەو سوارە لاوە
ئەو زوڵمەیی بۆ دەکەی لە زاوا؟
کوا شەرع ئەوەی ڕەوا دەدێری؟
ون بێ کە لە شویی، شەنگەبێری
پێری منە کەی دەگا بە دێوی؟
تۆ مەیبە بە دیل، پیرە ڕێوی
قاڵاوی و یا سەگی گڵاوی
چت داوە لە سۆنە یا مراوی؟
تۆ لادە لە قەند، کوند ئەفەندی
بۆ تووتیە دەم بدا لە قەندی
بۆ خەرتەل و داڵە بزنە مندار
دوورن لە ڕەوەی کەو و لە کەویار
زوو عارەبی دڵ سیاو جەردە
دەس لەو ژنە ڕوو جوانە بەردە
بە قسەم کە نەکەی ئەتۆ بە شیری
وردت دەکەم هەر وەکوو پەنیری
هاتم کە نەچی ئەلێرە لە فڕی
دەبزانە بە کێ هەمانە دەبڕی؟
هێنایەوە مایین ئەو بەوێرغە
مامزەی دەکوتاوە لەو قەبڕغە
هەرچەندە کە بۆی دەچوو نەدەسرەوت
نەیگەییە بە غار و تەقڵە و ڕەوت