هاتنی میرچراغ و میر بوداغ بۆ بە خێرهێنانەوەی ئەحمەد ئەغا
لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
1 خولەک
836 بینین
گوترا بە چراغ و میر بوداغە
گەر هاتەوە ماڵ ئەحمەد ئاغا
دڵشاد بەوەی دەبوون و سەرخۆش
بە شیانەوە شت بە باوەش و کۆش
مەشهوورە لە بەینی کوردەکانە
پەندێ کە بە بایەخ و گرانە
ئەوهانە لە جێ و مەرتەبەی خۆ
وەک میسک و دوڕن بە قیمەت و بۆ
مامێ کە لەبۆ کەس و برازا
ڕۆحمی لە دڵا نەبێ، بەرازە
مامێ کە نەبێ دڵی، ڕەق و سڕ
ئەوبابە، نەما کە باب بۆ کوڕ
میرێ کە چرایی دوو وڵاتن
بۆ دیتنی ئەحمەدی دەهاتن
ئەحمەد کە ئەوەی دەدی بەرەو پیل
دوو مامی دەچوو بە فرسەخ و میل
بەڕکێفەوە لاقی ماچ ئەکردن
بۆ ماڵە ئەوی بە ڕیز ئەبردن