کچ دانی میرچراغ بە ئەحمەد و باسێ لە جوانی بەیبوون کچی میرچراغ
لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
1 خولەک
901 بینین
ئەو مامە کە نێوەکەی چراغە
گوڵغونچە کچی هەبوو لە باغە
لەش نەرم و بەدەن سپی وەکوو توور
سەر کوڵمە وەکوو هەڵاڵە بوو سوور
شللێرە بە بەژنی تازە و تەڕ
دوو زوڵفی ڕەشی ببوونە شەشپەڕ
نەخشین و جوان ئەبوو جەماڵی
بە برۆیی وەکوو پەڕی دەداڵی
وەک تیری خەدەنگ بوو مژۆڵی
جەرگ و دڵی عاشقی دەکۆڵی
دەم غونچەیی تازە بچکەڵە و تەنگ
وەک مێرغوزارە بوویی سەد ڕەنگ
گەردەن شل و بەرز و شلکە بیزا
سەر سینگی گوڵی گەشی گەزیزا
دوو مەمکی جوان و خڕ وەکوو سێو
چەن ناسک و تورت بوو لەبۆ لێو
سەرپەنجەیی وێنە بوو لە تیفۆک
چەقرووزەیی هەڵزە یا نە مەندۆک
ئەستێرەیی نێو گوڵ و گوڵاڵان
حۆری لە سەرایی چاو کەژاڵان
بەیبوون بە نێو و نۆجوان بوو
وەک تاووسی باغی نیشتمان بوو
لاوی کە لەبۆ دەبوونە مەجنوون
بەو بۆنەوە نێو نرا بە بەیبوون