چوونەوەی میرسۆفی بۆ ماڵی و هێنانی کوڕەکەی بۆ ماڵی پادشای
لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
1 خولەک
824 بینین
سۆفی لە وتاری شا کە حاڵی
بوو، دەست بە جێ گەڕاوە ماڵی
هێنای تەقانەکەی جوانە
دەینایەوە بەر دەسی بەبانە
شا بوویی دەرسدەری دەزۆرە
وتیانەوە دەرسە بەو بە نۆرە
ئەو ڕۆڵە زرینگ و لاو و باشە
هاو دەرس دەبۆوە بۆ کوڕی شا
دەیخوێندەوە دەرس و بوویی دەوری
شەو تا بە سەحەر نەبوو، بسەوری
شەو بێ خەو ئەبوو هەتا بەیانی
دەیکردەوە دەوری دەرسەکانی
تاوێکی لە کایە و قوماران
ئەحمەد نەدەبیندرا چ جاران
سەرگەرمی دەرس ئەوەندە بوو تا
لەو سەردەمە ئەو دەبوو بە میرزا
زانایێ زرینگ و بێڕەزا بوو
لە خوێندنی دەرسی شارەزا بوو
وریایێ، کە شت ببایە یاغی
کرمۆڵی وەدەر دەنا لە ساغی
بۆ دێڕە، هەڵۆیی تیژ پەڕ بوو
چوستی قەڵەمی لە حەد بەدەر بوو
ئەحمەد کە لە عیلمدا قەوی بوو
شا ڕوویی وتەی دەگەڵ ئەوی بوو