وتاری شا لەبارەی فریو نەخواردنی هۆزی خوێندەوار

لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
 2 خولەک  825 بینین
قەومێ کە بە عیلم ئاشنا بوون
بێبەش لە دنە و فریوی جادوون
مەردانە هەوڵدەری ژیانن
سەربەرزی گەلان و نیشتمانن
دوڕ ناسن و زیرەک و غەواسن
مووروویی کەرێ لە دوڕ دەناسن
دەیناسن ئەوا لە ڕوویی مێژوو
ناپاکدڵ و مرۆیی بیژو
پیرێ کەوە بچتە کن ئەوانە
فش کا، زگی هەر وەکوو هەمانە
دانێ لە قەراغی وانە داوان
دەسکا بە درۆ و چاو و ڕاوان
بنوێنێ کەرامەتی ڕەش و بۆر
لەت کا، سەر و ورگە هەر بە ساتۆر
بڕوا لە زەوی بە بێ وچانە
سەرباڵی بدا لە عاسمانە
خۆ، دوور دەخەن لە چاو و ڕاوی
کوا دەچنەوە ژێری قڵفە داوی؟
بانگی دەکەن ئەی برایی جرجاڵ
بۆ ئێمە بەکار نایە فیشاڵ
تۆ بۆ گەلی بەرگ و جل بە تیتۆڵ
چت کردووە ئەی گەلۆری زەنگۆڵ
بەو پرچی درێژ و بەو ڕدێنە
بەو لیچە کە خوولە وەک سوێنە
چۆنی دەگەڵ ئەو گەلی فەقیرت ؟
ئەحواڵی ئەوانە دێتە بیرت؟
ئایا بووە گەر ئەتۆ زەمانێ
دابت بە فەقیری گەل قڕانێ؟
ئایا بووە گەر لەوەی هەژارە
وەرنەگری، بدەی بەوانە پارە؟
ئایا بووە تۆ برایی گەل بی؟
هاوشینی کوێرە یا نە شەل بی؟
خوێندووتە لە بۆ مرۆیی غەمگین
مەردانە لە ڕۆژی مەرگ، یاسین؟
ئایا بووە بێ کەسێ کە بمرێ
تەڵقینی بدەی کە چۆوە قەبرێ؟
تۆ نوێژی جەماعەتێ بە هەڵکەوت
کردووتە لە بۆ کەسێ لە مزگەوت؟
سۆفی وەرە بەو ڕدێنە پانەت
بۆ خاتری ئەو کەرامەتانەت
بەو ڕستە درۆیە تۆ کە دەیکەی
بەو باخە بەهەشتە تۆ کە دەیدەی
بە سمێڵی زەلام و ڕیشی پڕ موو
ئەوڕۆکە بە ئێمە تۆ بفەرموو
بۆ ئەو گەلی ڕووت و پاش کەوتوو
چت کرد کە بنووسرێ لە مێژوو؟
تەییارە و تۆپ تۆ دەرتخست؟
تۆ ڕایەڵ و پۆیی مووشەکت ڕست؟
تۆ تاقە دروسکەری ئەتۆمی؟
تۆ خاوەنی بەرقە یا نە بۆمی؟
چاکەت چییە ئەی زەروو ئەتۆ چی؟
سەرباری گەل ئەی گەڕۆکی چەرچی
پاش ئەو وتە پادشا بە داوێ
ڕووی کردەوە کێو و چووە ڕاوێ