ڕاز و نیاز و پاڕانەوە لە دەرگای خودای مەزن

لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
 1 خولەک  856 بینین
داوایە دەکەم لە تۆ خوداوەند
بە دڵێکی پەشیو و ئارەزوومەند
لەو کاتە کە پێ دەنێمە چل ساڵ
هەر پیرییە وا لە دوومە حەوداڵ
کردوویەتی موو سپی بە بەرگە
پێشوازە لە بۆ هەڵۆیی مەرگە
تۆ بمخەیە کۆڕی وێژەوانان
بمکەی بە برایی شیعر زانان
تا بەیتێ لە باسی لاس دانێم
بێدەنگی و تەمبەڵی وەلانێم
بەیتێکی لەبار و بێ گرێ و گوڵ
دەی وەنمەوە وەک دوڕ ئەو بەبێ خۆڵ
شادم بەوە گەر دوایی مردن
ئەو بێت بە یادگارە بۆ من
هەر شیعرە دوایە پاشەوارە
ڕێگایی لە سەر زەوی دیارە
شادم بکە ئەی کەسی کەساسان
لەو خانوە تا نەبم هەراسان
بۆ خاتری پێشەوایی عالەم
تۆ مەم خەرە ئاوری جەهەننەم