وتارێ لەبارەی بزەی ئەوینی خودا کە پرشنگی لە هەموو شتێ دەدا

لە کتێبی:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
بەرهەمی:
مەلا کەریم فیدایی (1928-1993)
 2 خولەک  1053 بینین
هەرچی کە گیانی وا لە بەردا
سۆزی لە ئەوینی حەق لەسەردا
دەی داوە پریشکە گەر لە شیرین
فەرهادی دەخستە ناڵە و شین
کۆڵی بە قوڵینگ و پێمەڕەی غەم
ئەو شاخی چیایی سەخت و حەستەم
بەو بۆنە گیانەکەی ئەدم کرد
لەو ڕیگەوە ئەو شەهید ئەبوو مرد
دەیدا بزە گەر لە ڕوویی لەیلا
مەجنوونی لە بۆ دەبوو بە شەیدا
ڕووی نا لە چیا و دۆڵ و کێوان
بێ ترسە لە وەحشی و لە دێوان
دەی کردەوە ئەو لە یارە بیری
لە جوانی هەتا دەگەییە پیری
لەیلای دەبوو لە سەر زەمانی
بەو نێوەوە دەر دەچوو گیانی
زینی بە بزێکە لەو ئەوینە
دەی کرد لە کاکەمەم برینە
تیری کە لە سینگدا بە چاوی
دەی بەست بە تاڵە مویی خاوی
بەو دەردی ئەوینە بەربەڵا بوو
بەو بۆنەوە تاقەتی بڕابوو
ئەو بووی لەبەر ئەوینی یارە
ڕۆژ و شەوە کەسەر و جغارە
جێگایی ئەوی دەبوو بە زیندان
تا مرد بە شیوەن و بە گریان
دەی دا لە خەزاڵە عیشق زەردە
بەو زەردەیە لاس ئەکەوتە زەردە
سووڕاوە لە چل پلەی عومانی
بۆ چەپکە کولوکی کوێستانی
گوڵغونچەیی سەرچیاو و یاڵە
هێنای بە دەسکە بۆ خەزاڵە
بۆ یاری پەژارەو غەمی بوو
پەروانەیی ڕوومەتی شەمی بوو
تا ئەو دەمە پێی دەنا لە گۆڕێ
لەو عیشقەیە خۆ دڵی نەگۆڕی
دەستی لە ئەوینی خەج کەبوو پەلبڕ
تا بەو پەلە بوو لەت و شڕ و وڕ
ئەو عیشقەیی هەر دەبردە بن گڵ
سیامەند بە وەرهەم و غەم و کوڵ
بۆ عیشق خودایە تۆ هەوێنی
تۆ تۆویی عیشق لە دڵ دەچێنی
باڵا و برۆ و موو و خاڵە
سەر کۆڵمە کە ڕەنگ سوورە ئاڵە
چاوی ڕەش و ڕوومەتی گەش و سوور
مەمکی خڕە وەل شەمامە پڕ نوور
بەخشیوتە تۆ بەو دولبەرانە
بۆ کوشتنی پۆلی عاشقانە
چاوێ نییە گەر لە دەردەداری
ئەسرینە بە شەو لەوی نەباری