وەسفی خانەدانی نەهری

لە کتێبی:
دیوانی ئەمین ئوشنوویی
بەرهەمی:
ئەمین ئوشنوویی (1889-1954)
 2 خولەک  1430 بینین
ئەی موریدانی تەریقەت جارێکی هەستن بە عام
با بچین بۆ خاکی نەهری سەر بڕەهنە بیلتەمام
بۆ زیارەت مەرقەدی ئەو موڕشیدی عالی جەناب
حەزرەتی سەیید تەهایی پیری شەمزینی بە نام
بەڵکە تا ماوین لە دونیا بۆن مویەسەر کا مەرام
تا نەمردووینە لە دەس خۆ با نەدەین وێ دەرفەتێ
خۆ نەجات دەین با هەموو یەکسەر لە داخ و حەسرەتێ
پیری خۆن تێکدا زیارەت کەین بخوازین هیممەتێ
خۆ لە خاکی مەرقەدان دێ بۆنی عەتری جەننەتێ
چاکە بەو بۆنەی وەها خۆش زوو موعەتتەر کەین مەشام
غەوسی سانی چوویتە غوربەت نائومێدی ڕۆئیەتین
بێکەس و ئاوارە ماوین، دڵ بە داخ و حەسرەتین
ڕۆژێکی خۆشن نەدیوە داییمەن دەر میحنەتین
عومرەکن ڕابرد بە پووچی ڕۆژ و شەو دەر غەفڵەتین
مەست و گێژ و بێخوود و سەوداسەرین و زۆر نەفام
ئاورم تێ بەربووە سینەم دەسووتێ وەک تەنوور
گەردشی دەوران لە خزمەت یاری خۆی کردوومە دوور
هەر وەکوو مەجنوون قەرارێ ناگرم دڵ ناسەبوور
با دڵی مەجڕووح و قەلبی ناتەوان و چەشمی کوور
داییمەن مەشغووڵی دونیا و غافڵی ڕۆژی قیام
بولبولم، عاشق بە ڕووی گوڵ، چاوەڕێی وەختی بەهار
مەوجی سێڵاوی سرشکم هەر لە چاوان دێتە خوار
چوو لە دەستم سەیر و هۆش و عەقل و ئارام و قەرار
شێت و شەیدایە ئەمینناسناوی ئەدەبی و نائومێدی وەسڵی یار
کوشتەیی عیشقێیە با عالەم بزانن خاس و عام