تەخمیس لەسەر شیعری عثمان خۆشناو

لە کتێبی:
کاروانی یار
بەرهەمی:
جەلال مەدحەت خۆشناو (1934-1998)
 2 خولەک  772 بینین
شەرتە ئاهێ بم بلەرێمەوە لە قوڕگی بلوور
بڕژێمە باوەش باخی شێواوی نەهاتی شالوور
لەناو مەشخەڵی گڕی دڵسۆزی خۆم کەمە بخوور
ئەگەر ئەستێرەی نیازی گەشم ئاوا بێ لە دوور
کشایە چۆڵی ئاوارە و نەهات لەناو هەوری سوور
هەرچەند بێ تۆ شەوگاری تەمەن بێ خۆر هەڵات بێ
دڵ هەترەکراوی هێلانە شینی دەرد و بەڵات بێ
ئەوا ئامادە سینگم ڕایەخی نەرمی بەر پات بێ
جەستەم لە ئاوی خوڕڕەمی دووریت پردی ڕێگات بێ
باڵی بێنازم لە شەوی تووشیت بە سەرینگات بێ
گەرچی لە عشقت شەیدام خاتوون زین وەکوو کاکە مەم
فەرهادی شیرین ڕەنج بە خەسار و بە ئاوات نەگەم
وەک شێتی لەیلا لە هەردی دڵم هاوار ئەکەم:
با لاشەی کەساسی وەکوو قەنج قەلاج بە ڕەشەبای غەم
دەشتاودەشت نەکا چەشنی ئەستێرەی پەشێوی ناو تەم
حەیف و مخابن بۆ جامی بادەی لاوی ڕژاوم
بە گەردەلوولی ناکامی ژیان لە هەردەی چاوم
بەڵام هێشتاکە متووی سەیرانگای پەرچەمی خاوم
ئاوات ئەخوازم دواهەناسەی ژینی شێواوم
بە شنەی ڕێت بێ لە سەرەمەرگی گەنجیەتی لاوم
گەرچی هۆنراوەم ئەهۆنێتەوە قەفی زولفانت
لە گەنجینەی دڵ مەرجان و گەوهەر ئەداتە شانت
چۆن تاراجی (کەی) بڕازێتەوە لە سەر پیلانت
ناشمەوێ هیچ بم تەنها خاڵ نەبێ لە گۆنای جوانت
تەنها خەوێکی لەبیر نەچووەوەی سەرلەبەیانت
تەنها دوگردی نوێژی مەلای باوەڕ و دینت
دوا مرواریی ڕستەی ئەسرینی دیدەی نەسرینت
خەندەی شەونمی زاری یاقووتی بە پێکەنینت
تەنها وێنەیێ لەناو تۆماری پێچراوی ژینت
تەنها مەرهەمێ هەمیشە بەر دەست بۆ سەر برینت
گەر ڕازی زولفت شووشەی ناسکی دڵی شکاندم
نووکی تاریکی ڕمی مەینەتی لە چاو چەقاندم
شەرتە ئەمێنم لەسەر پەیمانێ پێت ڕاگەیاندم
ئەگەر چەپگەردیش زەبرەی ناڕەوای خۆی بۆ وەشاندم
تەلاری جوانی و خۆشبەختی ژینی سەرپا ڕماندم
گەر چەرخی گەردوون بە سەرما بڕوا بە ناوەختییەتی
بکوتێتە سەرما بەردی ناڕەزای لە ڕێی سەختییەتی
کەژاوی بووکیت بسەنگرێتەوە بە بەدبەختییەتی
ئەوا زۆر شوکور ڕازیم بەو بەشەی خودا داویەتی
خۆم ڕاگرتووە بۆ ئەو زەبرانەی هێشتا ماویەتی