شاتان

لە کتێبی:
کاروانی یار
بەرهەمی:
جەلال مەدحەت خۆشناو (1934-1998)
 1 خولەک  815 بینین
هەرێ کیژێ
سەمتووری ژێ
لە ئاوازی کەمانی دڵ
ئەشێوینێ بەستەی بولبول
چۆن سازی نەی
تەئسیری مەی
لە بۆ کۆرپەی
هەتاکوو کەی
بکوتی خورپەی!
وەک مەلی پەڕ تەترەکراو
لە هێلانەی هەترەکراو
کە پاش خەزان
لەناو ڕەزان
ڕاپەڕێ گوڵی جوانەمەرگت
بڕوێ بە خۆێناوی جەرگت
بۆ هەڕەشەی بەفر و باران
هەڵدا لە مێرگی بەهاران
ڕەش دەواران
وەکوو جاران
بۆ تیماری گەستەی ماران
ساڕێژی دەردی بێچاران!
ئەبێ وا بێ!
ساڵ سوڕابێ
شیوەن و گریان نەمابێ
شاتان لە چەما چەما بێ!
قەفی زولفی لە سەر پیلان
تێکەڵاو بە دەنگی شیلان
بڕوا بە گوڕ
بچنێ بە خوڕ
مرواری بڕژێ بە هەوەس
بۆ سکاڵای بازن و دەس!
داوای هیوا و ئاوات بکا
چاوەڕێی خۆرهەڵات بکا
بۆ ئامانجێک و پەخشانێ
لە گوڵزاری کوردستانێ
بە شۆخی پۆی ئەرخەوانێ
بفڕێ بە شەن لە زیندانێ
بۆ (شاتان) ێ
خەرامانێ
کچە جوانێ
هەرێ شۆخی، هۆ هۆ کیژێ
با ئەسرینی نەسرین بڕژێ
شەونم لە گوڵزار بپرژێ
(شاتان) لە بێشکەی هەڵاژێ
کەچی خونچە هەر گەش ئەبێ
هەر دڕکیش سەربەهەش ئەبێ!