بۆ ڕۆڵەکەم
لە کتێبی:
دیوانی جەمیل ڕەنجبەر
بەرهەمی:
جەمیل ڕەنجبەر (1949-1980)
1 خولەک
984 بینین
ڕۆڵە سەرت نا بە کێلی زێڕین
بە مێژووت سەلماند خەباتی دێرین
بۆ (کوردایەتی)تەمەن و گیانت
بە پاکی بەخشی و بۆ کوردستانت
بەخێوم کردی ووتم: بجەنگە
سەرت شۆڕ نەکەی بەم دەس و تفەنگە
تۆش ئامۆژگاری دایکی دڵسۆزت
لە گوێ گرت تاکو نەمری بۆ هۆزت
بۆیە ناش گریەم، سوپاس بۆ خوا
(جەرگم) بەردێکە بۆ پردی هیوا
ڕۆڵە؛ وانەبێ تۆمان خۆش نەوێ
هەتا بەڵگە بێ تا کورد نەسرەوێ
ئەگینا تۆی لاو تۆی جوانەمەرگم
زامێکی گەورەی لە دڵ وجەرگم
شانازی ئەکەم کە دایکی تۆمە
(هیواکەی کوردت) جێهێشتووە بۆمە
هەزار سڵاو بۆ گیانی زیندووی تۆ
ئەی جێگە بەهەشت، قەت نەمردووی تۆ