هەر لەبیرمە

لە کتێبی:
دیوانی جەمیل ڕەنجبەر
بەرهەمی:
جەمیل ڕەنجبەر (1949-1980)
 2 خولەک  892 بینین
سروشت ئەمڕۆکە شێواوە
دڵێک لە جووڵە وەستاوە
پەڵە هەوری ئاسمانی شین
وا لەداخا کردی بەشین
لەبەر بێدادی خۆێن مژان
زەمینیان خستۆتە هەژان
لووتکەی سپی..
بە ڕەنگی جوانی زۆر کپی
بە دڵۆپێک خوێن تواوە
دڵی (کورد)خوێنی تێزاوە
هەستی گەرووی شمشاڵی خەم
لەگەڵ خوڕەی خوێناوی چەم
دەروونی گشت لاوێکی مەرد
لێ ی ئەپروشکی گڕی بێ گەرد
هەموو سەرجەم
ووتیان: خامە ڕابەرمان بێ
بۆ (شین)ی لاو نوێنەرمان بێ
منیش پێنووسم خستە کار
بۆ هەڵبەستێک، ناسک، نازدار
بیر و سۆزم بۆی بوو دەرفەت
تا هەڵڕێژم ئاخ و خەفەت
تێکەڵ کڵپەی گەرمی خەبات
کردمە تابلۆی بەرزی ئاوات
بۆ پاڵەوانی (پێشمەرگە)
بۆ ئەو لاوە جوانەمەرگە
کە گوللەی نوێنەری چەپگەرد
وەستاندی، دڵی ڕۆڵەی مەرد
وەک ملوانکەی ئاهەنگی خەم
هەڵئەواسم یەخەم
جا لەجیاتی گشت هاوخەمم
هاوار ئەکەم پڕ بە دەمم
قەت نامرێ هەر زیندووە
گەلێ هیوای بە خوێنەکەی ڕواندووە
پەیامی پاکی بردووە
پێشەنگی ڕۆڵەی خەباتە
بۆ ئەم خاکە
لەم ووڵاتە
پەڕەی دڵی کوردی جێماو
بووینە شوورەی بەهەشتی لاو
(جوانترین گوڵ لای بەهەشتی)
کوردستانێکی ڕزگارە...
کە بە گشتی...
کورد بۆی وێڵ و لە ئازارە
هەر وەکوو خۆی بۆ ئەوە ڕۆی
بۆیە کە مرد... نەمردووە
ئاڵای کوردی... نەخشاندووە
جا کاکە گیان گەواهانی کورد بدوێنە
گوڵی سەربەستیم بۆ بێنە