لە بەندیخانەی دەربڕینا!

لە کتێبی:
دیوانی جەمیل ڕەنجبەر
بەرهەمی:
جەمیل ڕەنجبەر (1949-1980)
 2 خولەک  774 بینین
دەستی نهێنی
درزی پشت پەردە
گورز ئەوەشێنێ
بە چرپە و لرمەی لەهەموو شوێنا
مەلۆتکەی زۆر جێی بەئاگا هێنا
ئاوێنەکانی پەنجەرەی شکاند
شەوی ڕوو ڕەشی کردین بە گژا
کەوتە شارەکە و بۆ ژوور خۆی خزاند
دووکەڵی مژی جگەرەی دەمی
تیشکی ڕووناکی ناوی هەڵلووشی
لەکەی (چوار) پەنجەی ڕەش بە مەرهەمی
وەک جل پێ پۆشی..
جا لە جەرگەی شەو
دیلی کەلەپچەی لای دەسبێنی خەو
لە سینگی ڕەشا، بە چەندین نزا
گێلانە گەڕان لە کۆشکی دزا
یا چاوشارکێی ژێر شاخ و دار و چیا
دەس لێکوەشاندن
دووبەرەکی و جیا..
ئەوانە هەمووی..
لە هەویرێکا.. گەنمی لەکیس چووی
کردە پڕپۆڵەی جووجوڵەی دوژمن
***
چاوتێر نەبووی خوێن
بە ئاوازێکی نزمی هەست بزوێن
کە (سینگ ئەکوتێ و جارێ سینگ ئەخوا)
یا بۆ پووڵ ئەگری..
کوا ئەژی؟ ئەمری
چوونکە جەستەی بێ جلک و نان دوا
گڵۆڵەی لێژە، هەر ئەبێ بمرێ
***
بەو گەردەلوولەی.. تەمی هەناسەی گەرووی دوژمنە
سیی جەستەمان پڕ (ئۆکسجین) ناکا
بەو سازە زڕەی هی تانک و تۆپە
بانگی ئازادی و ئاشتی ژین ناکا
لە گوێچکەمانا، هەر زرپ و زۆپە
کۆترەکەی ڕاستی، هێشتا هەر وونە
ژووری زستانی کورد هەمووی کونە
نووزەی نەخۆشی، دەستێکی لەرزە
ئاڵای سەربەستی پێ هەڵنابڕێ
بە قیژەی مناڵ یا دەنگی هەرزە
بەڵێ، بەم جۆرەش دەنگ دەرنابڕێ
***
درزی دیواری یەک ماڵ و خێزان
سواقی پەنجەی چڕ، پیا هەڵسوینی جوان
زۆر بەدڵسۆزی، ئەبێ دایکی بێ، تاکوو پڕی کا
ئەو چاوەشانەی هەر لەسەر شانۆن
دەهۆڵی شەوی دەس قالۆنچەی کۆن
دەنگی نەوەی نوێ ئەبێ کڕی کا
***
لەشکری هەستی دەم بەمزگێنی
ڕۆژ ئەجوڵێنێ
ساتمەی کاروانی شۆڕش بەرەو خۆر
تارمایی شەوی ڕێگە ڕاو ئەنێ
چاوی بەیانی هەڵدێنێ بەزۆر
ڕۆژی ڕزگاری بۆ کورد ناو ئەنێ