ئەو کتێبەی، وشەی بەخەنجەر نووسراوە

لە کتێبی:
دیوانی جەمیل ڕەنجبەر
بەرهەمی:
جەمیل ڕەنجبەر (1949-1980)
 2 خولەک  1114 بینین
ڕیزە چیاکان...
وەکو تەونی بەرەبەیان... ڕاچەندرابوون
برۆی روناکی چاوی خۆر...
وەکوو ڕیسی مافووری دەستی قەیرە کچ
بەگوڵاڵەی باڵای لاوی. ڕایەڵ کرابوون
*
لە نێو، جووت مەمکی دووکەلا... لە دەربەندێ
ژیانی دایکم... ڕاوی نام و...
وەک تەورداس، کوێرایی تاریکیم بڕی
بوومە روبار، خۆم هاویشتە هاژەی کەندێ
*
هاتم هاتم...
ناویان لێنام داسی سەپان
ماچی گوڵی گەنمی تەبارەم دەکردو...
کەدەمبڕی...
تنۆکی زیز بوونیم بۆ دەسڕی.
لەجۆخینا... قەد و گەڵای (گەنمە سوورە)
با دەیبرد بۆ... هەر هەڵەتێ زەق و دوورە.
خێرا ئاغە
ڕەوسەو دانی، لە عەمارا هەڵدەلووشی
وەک شۆخی بە زۆر مارەکراو
خەنجەر، ئاگر لە ڕێگا دەبو بە تووشی
*
پۆستەی خەرمان بەرەکەتی ی جوتیارەکان
لێ ی نووسرابو: گەنمە سوورە، هاوار... بۆ (داس)
کەی پەیمانی... گەوزی برسێتیمان وابوو
***
هاتم، هاتم... ناویان لێنام «مامە سوارە»
عەشقی کچی زۆردارێ بووم
لە بەندەری دڵداریما...
ئێشکگری «ئاڵ و وێڵی» هەژارێ بووم
ئەسپێ نەبوو... کچی ئاگر، لە پاوانی ئەڤینی زوو
لەگەڵ منا تاوی تێدا.
تا گەواڵەی، شوانکارەی شەپۆلەکانم
هەڵیگرت و هێنای، هێنای بەڕێ ی نوێدا
لەگەڵ منا تاوی تێدا.
*
هاتم، هاتم... ناویان لێنام (ئاگرە سوورە)
بوومە کلیل... بۆ کێڵانی هەر کێلگەیەک
دەرگەی جوتی... جوتیار نەبێ نەیکاتەوە
بوومە خورشت... بەربوومە گیانی دەوڵەمەند
تا قورقوشمی نەڕژێتە سەر
چاری نابی و... خەوی مردن دەیباتەوە
ناویان لێنام ئاگرە سوورە
بە قسەی ڕەق چوومە ژوانی
(هەڵبەت قسەی هەژار ڕەقە)
لێوی وشک و تاسەی گەرمی برسی و تینوەکانم هێنا
گڕی تاڤگە و خوێنی دوژمن، رووبارێ بوو
دەممان تێنا... بکوژە ببڕە
پشکۆکانمان، هەندێ چزان
دوژمن شەوی بەسەردا هات
چاوی وەستانییەکانی مە...
نیشانی تەمەنیان، گڕە.
***
هاتم، هاتم...
ناویان لێنام بزمار کوتە
چەکوشێ بووم
ئەو دارتاشەی، ئەسکەمیلی ئەنجومەنی...
کۆشکی سپی ی دروست دەکرد
ئاسنگەرێ کەشیش بەندی...
بەندیخانەی خوێنی (باستیل)ی خەست دەکرد
هێزی منی پێ نەکڕا.
کەوی کێوی باوەڕی پێ هەڵنەفڕا.