بەیادی تاڤگە سوورەکە

(بەبۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێ بەسەر شەهید بوونی، شەهاب، جەعفەر، ئەنوەر.)
لە کتێبی:
دیوانی جەمیل ڕەنجبەر
بەرهەمی:
جەمیل ڕەنجبەر (1949-1980)
 2 خولەک  896 بینین
ساڵێ ڕۆیی و سێ جوتە چاو... ئاگر دەگرن
ساڵێ دەبێ... داڵی خنکان بە خوێنی لاشەیان دەمرن
ساڵێ رۆیی و.. سێ جووتە چاو.. داگیرسان و..
بیناهیان... بێدەنگ نابێ
زامەکانیان... ناگریەن و ..بازووی چەکیان، دڵتەنگ نابێ
ئەی چاوەکان... لەبیرمانن
دەژین، دەژین، لە ناو لوولە و ژێی تیرمانن
*
گوێمان لێ بوو... هاواری خۆشەویستیتان
وەکو خۆر چۆن و داناگیرێ و تیشکەکانی، هەر دەبەخشێ
ئێوەن ئەوە و... بەرەو سەرمای چیاکان دەکشێ،
ئەی چاوەکان. دەمانزانی. هیواتان بوو
بتەقنەوە و هاوار لە فاشی هەڵسێنن
هیواتان بوو بە گەرووی خۆڕاگرتنتان
پەتی سێدارە بپسێنن
*
ئەی چاوەکان..
وەک چۆن گەرمی گیانی گڕە
ئاوی پەڵە، لە ناو کێڵگە و ڕەگی ڕوەک، سۆزی کرە
لە بیرمانن، فیشەکدانمان، لە ڕێبازی ئێوە پڕە
لە زستانا، چەند پێویستیمان بە جلی گەرم و ئەستوورە
زامی ئێوە، چەند لە بازووی لە بیرچوونی ئێمە دوورە
لە بیرمانن، دڵمان لەناو دڵتان سوورە
*
ئەی چاوەکان... پار ئەم کاتە... سەنگەری گڕتان داکوتا و
(کەڵ ژیان و کەمیش ژیان)
پار لەم شوێنە... وشەکانتان، تەرمەکانتان
وەکو تاڤگە... ڕژایە کەنداوی برسی و ڕقی جیهان.
*
هۆ چاوەکان..
داسەکانتان، دایە دەستی حەزی سەپان
تا تەبارەی ملی خوێن مژ... بسڕنەوە
تا خەرمانی داگیرکراو..
بە ئارەقەی جوتیارەکان بکرێتەوە
ئەو چەکوشەی نیشانتانداین
بزمار دەکوتێ و..
لە کارگەکان لای کرێکاری دڵدارە
ئەمڕۆ هەرچی هەڵوێستێکە... لەوان بارە
سەری دوژمن ورد و خاشە و..
هەرچی قەڵەوی قەد کێوە، لە هاوارە
*
ئەی چاوەکان
ساڵێ ڕۆیی و... تیشکەکانتان، ئاگر دەگرن
داڵی خنکان بە تۆوی لاشەتان دەمرن
زۆر چاوی تر... بۆ بارەگای ئێوە دێن و..
بڕیاری سەربەرزی دەدەن.
لەخاکی گڕتێبەربوا، بەرماڵی شۆڕش ڕادەخەن.
زۆرگیانی تر..
تەرمەکانتان ماچ دەکەن و دەبنە پردی بەرەو بەیان
لافاوی روناکی زۆر چاو..
میوانی ماڵی هەژارە، بۆ خواستنی یەک دەستگیران.