بورکانێک لەکێڵگەی خەما

لە کتێبی:
دیوانی جەمیل ڕەنجبەر
بەرهەمی:
جەمیل ڕەنجبەر (1949-1980)
 2 خولەک  1104 بینین
هێشتا باوە
تەرمی ئاوزینگ نووزەی ماوە
هێڵی پەڵپی کشانەوە
چاوەڕێ يە...
تا هۆلاکۆ لەگەڵ ئۆردووی چەوسانەوە
لەگۆڕی نەفرەت لێکراوی هەڵسێتەوە
بەڵکو مژدەی... وێرانکاری، ئێستای پێ یە
*
هێشتا باوە
هێڵی کشانەوەی درۆ
سەر دەکاتە کەڵبەی گورگ
بە فرچکی ئەو دێتە گۆ
دەمانبا بۆ چاڵی مەرگ.
*
 
هێشتا باوە..
ڕێ ی سەدان ساڵ بەچاو نوقانێک دەبڕین
لەسەر قۆچی مانگا دەفڕین
کەس نازانێ چ باسێکە و چ هەرایە
هاوار لەوەی (هەیهو)ی نایە
*
هێشتا باوە..
چاوی کزۆڵ نووزەی ماوە
هێشتا تینووی برای برسی
کەسیان لە یەکتر ناپرسی
هێشتا کونی لوولەی تفەنگ
نەبوویتە دەرگەی نیشتمان
چەوساوەکان هەموو یەک دەنگ
ڕێک نەخراون بۆ پاڵپشتمان.
*
هێشتا باوە... چاک دەزانم... هێشتا باوە
چاوی کزۆڵ نووزەی ماوە
هێشتا گوللەی وتەکانمان.. هەر چرووکە
فرمێسکی شەرمی هۆنراومان
ئاوی دەمە!! نازی بووکە!!
قاچی ماندووی دیلێتیمان
فێڵ لە (دەرزی)ی سڕ بوون دەکا
باڵای کۆمی پیرێتیمان
درۆ لەگەڵ هەڵچوون دەکا
*
هێشتا باوە...
تەرمی ئاوزنگ نووزەی ماوە
ئەوەی ووتم: پەڵەی داوە
بەڵام هەرگیز... لەناو کێڵگەی ئەم ماتەمە
لەگەڵ زللە و نووکی قەمە
ڕۆڵەکانی خەم گەورە بوون
پیتی شەپۆر..
لە سەر دێڕی شێعرا ون بوون.
*
ڕەنگی چاوی وێڵی پرسە
چارەی ئەم بارەی لا قورسە
جەستەی هەڵباز، لەکۆڵدانە
پێچکەی تۆڵە، لەخوڵدانە
گرمە و سروودی ئەم جارە
بە ئاراستەی پەنجەی خۆرە
یەکجار هارە...
بوومەلەرزەی ژێرەوژوورە
وەک تامەزرۆی...
ماچی دڵداری لێک دوورە.
لە هاوکاری ١٩٧٢ بڵاو کرایەوە}