لەپێناوی ڕۆژێکی بێ کۆتاییدا

لە کتێبی:
دیوانی جەمیل ڕەنجبەر
بەرهەمی:
جەمیل ڕەنجبەر (1949-1980)
 2 خولەک  1172 بینین
هۆ دایە گیان...
ئەو سەردانەی کە بۆی دەچم
یەکجار دوورە
ئاسۆی هەموو ڕۆژێکی ڕێ ی
بەخوێنی زۆرداران سوورە
هۆ دایە گیان
چاوەڕێ ی دیتنەوەم مەکەن، نایێمەوە
لە سەردانی ڕێگەی ژیان
بەم زوانە نایێمەوە،
*
هۆ دایە گیان، لێم مەپرسە نایێمەوە
تاکو نەبمە ئاسنگەری داسێکی تیژ
تەبارەی ژەنگاوی پووچەڵ بەخێرایی نەدوورمەوە
کەپڕ لەئازار و ترسە
هۆ دایە گیان، لێم مەپرسە
بۆ بێمەوە. بۆ بێمەوە؟
*
هۆ دایە گیان...
تا جۆخینی، بیری مردووی وتەی قەڵەو
نەکەم بەخۆڵەمێشێکی بەردەم هەوا
تا زۆرلێکراوی کوردستان، هەڵنەسێنم
لەقاوغی قرشەی خەوا
ئەم سەردانە هەرچەند بە ئازارو ترسە
بەڵام دایە لێم مەپرسە، لێم مەپرسە
نایێمەوە، نایێمەوە
*
هۆ دایە گیان، ڕێگەم بدە
تازەندۆڵی ئازاری ژین هەڵنەدڕم
تاکو دەشتی باپیرانم.
بەگاسنی جوتیاری نوێ ستۆنەبڕم
تا تۆی برسیی پێوەر نەکەم
لەنێو سنووری زەویەکەم
بەسەربەستی هاوار نەکەم
هۆ دایە گیان لێم مەپرسە
کەچی ئەرکێکی زۆر قورسە
بەڵام دایە نایێمەوە، نایێمەوە
*
هۆ دایە گیان... ڕێگەم بدە
تاکوو تاجی خەمی مێژوو لەگۆڕ نەنێم
تا لەگەڵ خۆر...
سروودێکی بڕوای نەمر بە دڵ نەڵێم
هۆ دایە گیان، لێم مەپرسە
خەباتێکە..کەچی بە ئازار و قورسە
بەڵام دایە، نایێمەوە، نایێمەوە
*
هۆ دایە گیان... بەجێ و دێڵم
تا بارەگای خاکێکی سوور
بۆ وچانی چەوساوەکان دروست نەکەم
تا تەلاری ئامانجی کورد
لە کەلەشی کوژراوەکان دروست نەکەم
هەرچەند بە ئازارە قورسە
لێم مەپرسە
نایێمەوە، نایێمەوە
*
هۆ دایە گیان... وا پێت دەڵێم
تا کلیلی سەربەخۆیی نەگرمە دەست
تاکو دەرگەی کوردستانی لەتکراومان
بەگوللەی حەق.. بۆ یەکسانی
بۆ بەختیاری..بەڕزگاری... نەکەمەوە
تا نەکەومە... ناو باوەشی چاوی مەبەست
هۆ دایە گیان... لێم مەپرسە
لێم مەپرسە...
نایێمەوە، نایێمەوە
تا ڕزگاری هەژارەکان نەهێنم... من نایێمەوە