لکە زەیتون لەگێژاوی خوێنا

لە کتێبی:
دیوانی جەمیل ڕەنجبەر
بەرهەمی:
جەمیل ڕەنجبەر (1949-1980)
 3 خولەک  883 بینین
-١-
ئای بۆ وشەی زمانزانی دەروونی ڕۆژ
چۆن گوللە بۆ سینگی دوژمن... وا دەتەقێ
ئای بۆ بیری پێشمەرگەی لات
لە قەد پاڵی هەموو کێوێک
لە سەر لاشە و خوێن دەچەقێ
ئای بۆ دایکی گەرووی ئازار
کەبەمەمکی بابە گوڕگوڕ..
لە ژێر گڕی سینگی تۆڵە
ڕۆڵەکانی گۆش دەکردن
زامە ساڕێژ نەبووەکانی... پاپیرانی
بە فرچکی ڕزگاری (خۆی) نۆش دەکردن
-٢-
بەتووڕەیی..
دەرگەم لە ساڵی حەفتاویەک بەدڵ داخست
پێچکەی ناڵەی سیمڤۆنی ژین
چاوی ساڵی نوێ ی هەڵێنا... بەزەبری مست
دوێنێ، پێرێ،
کۆمارێکمان لەدایک بوو بەرگتان نەکرد
کە لێ یان داین...
لە پێناوی قامی دیلی، وەک پێویست بوو
دەنگتان نەکرد
-٣-
بە تووڕەیی...
پەردەی شانۆی زامی چاوم، هەڵدایەوە
قژی خۆریش...
بەهێمنی بۆ سەر سینگی، خۆشەویستم، ڕژایەوە
چونکە پێرێ...
ئارەقەی دیلیمان نەسڕی
هەر دۆشاومان بۆ بن گونی خۆمان دەکڕی
چونکە دوێنێ..
مافمان خورا... خۆمان کڕ کرد
هەر گیرفانی خۆمان پڕ کرد
-٤-
دەستی خەمی...
پێشڕەوی ناو بورکانی خوێن... بە توڕەیی
پەتی مێژووی دوێنێ و ئەمڕۆی، توند گرێدا.
گڕی ئاسۆ..
بۆ پێکانی شەوی شۆڕش وا لەڕێدا
چونکە تا پار.. تا ئەمڕۆکەش..
لە پردی پەیمانی چەورا، هاتین، بەغار
هیچمان نەینا.
نەبۆ برسی، نەبۆ هەژار
-٥-
-أ-
گوێتان لێ بێ..
شێعرەکانم، خوێن و گڕن
وەک دایکێکی، کۆرپە ون بوو
بۆ پەلاماری پەیامێ، هار و دڕن
دەگوێ بگرن، لە هۆنراوە، لە شیعری نوێ
خۆ گەر شیعرم بەرتیل بوایە، گوێتان دەگرت!
دەمی بیری گیان مردووتان..
وەک پاروویەک قووتی دەدا.
ئەگەر شیعرم تۆی شەڕ بوایە.. گوێتان دەگرت
دەستی ڕەشی زامی دوورتان..
لەکێڵگەی برایەتی گەلا.. زوو تۆی دەدا
-ب-
ئەگەر شیعرم.. قابیل بوایە بە ژێردەستی
گوێتان دەگرت
خوێن و زامی گریەی دوێنێ...
بەبار داخی پێ دەخواردن
ئەگەر شیعرم دانسی شۆخی ئاهەنگ بوایە
گوێتان دەگرت
بلیتێکی گران بایی...
سەدان دینار، زۆر قوربانی پێ دەژماردن
-ج-
ئەگەر شیعرم سامان بوایە، گوێتان دەگرت
سایلۆی نیازی چاوی برسی
خێرا دان و پارە و خوێنیان، هەڵدەمژی
یا گەر شیعرم دیلی زۆرداریتان بوایە
لەپردی زەبری دیوەخان
بۆ بیستنی، هەر وشەیەک
چەندین بەندەتان دەکوژی
 
-د-
شیعرەکانم..
گۆرانییەکی بیری نوێیە
پارووی دەمی زگی برسی ی کوردی پێ یە
شیعرەکانم خوێن و گڕن
وەک دایکێکی، کۆرپە ون بوو
بۆ پەلاماری پەیامێ... هارو دڕن
بۆیە ئەگەر...
بڵێن ئێمە...
بڵێن ئێمە، لەشیعرەکانت بێ بەرین
لێتان ناگرم...
دەرەبەگن، بۆرجوازین
ترسم ۆکن، بە گشت جۆرە ژینێ ڕازین
دیارە دڵتان، چاوتان، بیرتان
هێشتا فێری هۆنراوەم نین
لەکۆڕێکی ئەدەبی خوێندرایەوه. بە بۆنەی یەکەم میهرەجانی شیعری کوردی لە کەرکووک نووسراوە. کەچی لیژنەی میهرەجان ترسەنۆکانە ماوەی خوێندنەوەی نەدا.}