ئوستادی دانا میرزای خۆش ئەخلاق
داوا لە وەستا ئەحمەدی ئەڵڵامرادی کە ئاش دروست بکات بۆ قاسم ئاغای جامەرد
لە کتێبی:
دیوانی جەوهەری
بەرهەمی:
جەوهەری (1875-1958)
2 خولەک
1019 بینین
ئوستادی دانا میرزای خۆش ئەخلاق
بە عیلم و سەنعەت مەشهووری ئافاق
وەستا ئەحمەدی ئەڵڵامرادی
نێوت ڕۆیشتووە وادی بە وادی
ئەتۆ شەخسێکی ڕەند و جەوانمەرد
زەحمەت قەبووڵ کە تاکوو جەوانمەرد
تەمامە ئاشێک لە نوێ بینا کەم
بە شیعری کوردی با بۆت تەواوکەم
دوو جۆگەی ببێ بە ڕۆژ و نسار
نە مەند و نە خوڕ تەراز و هەموار
سەرەنیای تەراز مەند و بە میزان
بە ڕاستە و گۆنیا وەک حەوزی بۆکان
دۆڵی دارێ بێ ساف و بێ گرێ
هێندە لەبار بێ دەستی لێ نەدرێ
زەمبوورەی گەورە ساف و موددەوەر
کیسەڵ بێ زەحمەت پێیدا بێتە دەر
ئاشێک بێ سەخرە ڕێی پێ نەبردبێ
بینای وا عالی هیچکەس نەیکردبێ
بەردەئاشەکەی حەو بست و گێر بێ
گرمە و زرمەکەی وەک نەڕڕەشێر بێ
گەنم بکا بە ئارد ڕۆژێ سێ تەغار
گرمەگرمی بێ وەک هەوری بەهار
چەقەنەی وا بێ لە هاتنی داندا
نەزیری نەبێ لە ڕووی دنیادا
ئا لەم تاریفە هیچی کەم نەبێ
خەڵاتت دەکەم ئەگەر ئاوا بێ
تەوەرە بستە و پەڕە و تۆپەکەی
ژێر دوزەقە و ئاو، مووروە سەنگەکەی
هەمووی ڕێکوپێک، ڕاست و مونەززەم
هیچ نەقسی نەبێ نە زۆر و نەکەم
----- -----دەقی نائاشکرا
----- -----دەقی نائاشکرا
لە قەولی ئاغاوە من عەرزت دەکەم
حەسەن جەوهەریناسناوی ئەدەبی مەلای دێیەکەم