بۆ وەفاتی ئاوات

لە کتێبی:
شاری دڵ
بەرهەمی:
حەقیقی
 2 خولەک  894 بینین
کامیل! ئاوڕ دەوە، بڕوانە دڵم
تاو و تینی دڵ و جەرگی لە کوڵم
شەست و حەوت ساڵی ڕەفیقی یەک بووین
هاودەم و دۆستی حەقیقی یەک بووین
نێشی دوور بوونەوە ئێشی زۆرە
تەشەنی کردووە ئەو ناسۆرە
لە خەمت جەرگ و دڵی لالە، ڕەشە
کام گوڵێکی گەشە، بۆت سەر بە هەشە
خونچەگوڵ نایەتە سەر لێوی بزە
بۆیە بولبول وەکوو من مات و کزە
خاسەکەو تازە لە کوێ دەخوێنێ
بە دڵی پڕ لە پەژارە و خوێنێ؟
دڵ لە دڵ دەیگوت و ناڵی و گریا
کۆچی من با لەبری تۆ، بریا
بە گڕی ئاوری خەمت دڵ دەکوڵێ
چاوەکان ژینەوە ئاو هەڵدەقوڵێ
کێو و کەژ مات و کز و بێ هۆشە
شەو سیاپۆشە، کەوی خامۆشە
پاییزە و کاتی گەڵاڕێزانە
سەفەرە و دەس لەمل ئاوێزانە
سەری کێوان بەتەمە و هەور و هەڵا
دەوەرێنێ کزەبا، زەردەگەڵا
شەوە فەرمووتە قەڵای مێردانە
لە نەدینت سڵ و سەرگەردانە
ئەی چ داخێکی گران بوو کۆچت
چ برینێکی بەژان بوو کۆچت
داخەکەم بۆ دڵەکەی گەرموگوڕت
ئاخ لە دەستی گڵەکەی مەیلبڕت
گوڵ چ قەوماوە کەوا بێ ڕەنگە
بولبولی باغی ئەدەب بێ دەنگە
دەردی دووریت سەر و سامانی نییە
کوڵی ئەو ژێر گڵە ئامانی نییە
گەر لە پاش تۆ هەموو ڕۆژ ئاوا بوون
کاکە! ئەی چۆنە قیامەت ڕابوون؟
خەم دڵی گرتم و چاو بێ نوورە
چاو و دڵ زیز و کزن بمبوورە
کۆڕی شێعرانە وەرە نێو یاران
دۆستان جەمن و نەیاران تاران
لە خەوێ هەستە بڕۆ ڕاوەکەوێ
وەختی خەوتن نییە هەستە لە خەوێ
تۆ بەنێوبانگی بە میوانداری
لاکەوە، لامەدە، تۆ و حاشاری؟
ئەسپی بەخت ئەودەمە هاتی تۆ بوو
شا بە خۆ و فیلەوە ماتی تۆ بوو
کەس لە پشت ئەسپی ئەمەل دانەبەزی
تا ببینێ لە ئەجەلدا نەبەزی
گیانە گەر فانییە دنیای دیمان
ژینی هەرمانەیە دنیای دیمان
ڕۆحی پاکت کە لە نێو چاکانە
بۆ منیش ڕەنگە بکا پاکانە
کاتی مردن کە هەموو دەیچێژن
لە پەنا تۆوە دەڵێم بمنێژن
تا بڵێن هەرکەسێ بۆ فاتیحە هات
پێکەوەن گۆڕی «حەقیقیناسناوی ئەدەبی» و «ئاواتکەس»