شینی ئاوات

لە کتێبی:
شاری دڵ
بەرهەمی:
حەقیقی
 2 خولەک  530 بینین
تەم بە سەر چاوم کشاوە، یا نە ڕۆژ ئاوا بووە؟
شەو بە بەژنی ڕۆژ بڕاوە یا قیامەت ڕابووە؟
مانگی خەرمانانە بولبول بۆ نەناڵێ پێشەکی؟
باغی گوڵ خاڵی دەبینێ بۆیە وا شەیدا بووە
خاسەکەو چیدیکە ناخوێنێ لە کوێستانی وڵات
خاڵی سوور و ڕەش لە کوێ وەک شێعری تۆ ئینشا بووە
داخەکەم بۆ شۆڕەسوارێکی لە مەیدانی شەڕەف
داری تەقڵەی ڕووی لە پشتی قەیسەر و دارا بووە
تۆی کە زیندووت کردەوە نێوبانگی ئالی بەرمەکی
ئەو شنەوتوومانە، تۆمان دیوە، ئەی کەی وابووە؟
شاعیر و دەنگخۆش و تیرئەنداز و سوارچاک و سەخی
چی ڕەوشتی چاکی ئینسانین، لە باڵ تۆدا بووە
شا نەبووی و لافی شاییت لێ نەدا، وەک شا ژیای
بۆیە نێوبانگی شیاو، شایانی «کامیل شا» بووە
گەرچی زۆر پاڕامەوە مەرگم وەپێش مەرگت کەوێ
تۆ کە «ئاوات»ی بڵێ ئاواتی کێ ئیجرا بووە
شێست و حەوت ساڵە ڕەفیقی گیانی گیانین پێکەوە
خوشەویستیمان لەلای یەک ئێستە هەر ساوا بووە
«خانەقای زەمبیل» و دەرسی مەدرەسەی «باخچەی گوڵان»
ئەودەمی خۆش بوون کە حاڵ و قاڵی تۆی تێدا بووە
بولبولی باغی ئەدەب ڕۆیی لە نێو باغی گوڵان
گوڵ وەری ئێستا، لە جێگەی سووری، شین بەرپا بووە
بۆ مەگەر پاش تۆ چەلێکی دی قیامەت ڕادەبێ؟
بۆ مەگەر ئەو مەحشەرە جارێکی دیکەش ڕابووە؟
بۆ مەگەر ڕۆڵێکی دی وەک تۆی دەبێ دایکی وەتەن؟
یا یەکی وەک تۆ لە خاکی نیشتمان پەیدا بووە؟
بۆ مەگەر ڕۆژێکی دی هەڵدێ لە مەڵبەندی وڵات؟
تا بڵێم ڕۆژێکی دیش ڕۆڵێکی دی ئاوا بووە!
غەیری تۆ ئەی بولبولی باغی گوڵستانی ئەدەب!
کەی لە ڕۆژاوای مەدا ڕۆژێکی وا ئاوا بووە؟
وا «حەقیقیناسناوی ئەدەبی» شینی مەرگی تۆ دەگێڕێ «کامیلکەسا»!
داخەکەم خانووی ژیانی تا بووە شینگا بووە