سەلامون عەلەیک عەلەیکەسەلام
وڵامی نامەی خەلیفە سەید خدری داشاغڵ
لە کتێبی:
دیوانی جەوهەری
بەرهەمی:
جەوهەری (1875-1958)
3 خولەک
985 بینین
سەلامون عەلەیک، عەلەیکەسەلام
سولالەی پاکی ڕەسوولی ئەنام
جەنابی ئاغای سەییدی سەروەر
خەلیفەی بەڕاست ئاغای سەیدخدر
شاعیر و ئەدیب خۆشخەت و خۆشڕوو
ماقووڵ و نەجیب، خۆشخولق و خۆشخوو
سەرحەڵقەی زیکری شەو و بەیانی
مەزهەری لوتفی غەوسی گەیلانی
دەنگی تەهلیلت پیاو دەسووتێنێ
سۆزەی ئەشعارت دڵ دەڕفێنێ
ئەشعارت گەییشت نامە سەر چاوم
کردم بە نوشتەی سەر و کڵاوم
بۆنم پێوە کرد نەشئەی دا بەسەر
عومری جوانیم لە نوێ هاتە بەر
بێنی چەند خۆش بوو وەک میسکی تەتار
تازە هاتبۆدەر لە کولبەی عەتتار
چاوم ڕوون بۆوە بە خەتی خۆشی
بوو بە دەرمانی دەرد و نەخۆشی
بە موژدەی ساغییت دڵی حەزینم
شاد بوو ساڕێژ بوو کۆنەبرینم
لە خودا دەخوازم هەر بە دەماغ بی
پایەبڵند و سەلیم و ساغ بی
لە هەر دوو دنیا مەقسوود حاسڵ بی
هەر وەک کامیلی هەر وا کامڵ بی
پیر و ناتەوان بە سەر زیندووم
بە حاڵ دەبزووم دەڵێی مردووم
وڵاغی سواری و باریم نەماوە
پیادە کەوتووم ئەژنۆم شکاوە
هەرگیز گلەیی لە من مەفەرموو
باریک بوومەوە هەر وەک تاڵەموو
ئەگەر بمبینی بۆ حاڵم دەگری
دەڵێی هەزارحەیف بۆ تۆ جەوهەری
کوا عەیش و سەفای باغی جوانی؟
کەوتوویە سەحرای پیریی و زورهانی
کوا خەتتی خۆشت کوا ئینشا و ئیملات؟
قەڵەمدانی گوێز، قەڵەم و دەوات؟
کوا سەر و سواریی، دەست و جڵەوت
پڕمەی ماینشێ، سەدای هەوهەوت؟
کوا توولە و تاجی ڕاوی لاپاڵان
لە سەختی قەڵبە و لە دەشتی دوڵان
کوا ڕان و ڕکێف، زینی ساچاخدار
چەکمە و کەوشی ڕەش بەرقی و سیڕەدار
کەوای بۆرسای شام مێزەرەی کەتان
لە خۆت شیرین بوو شنیلی لای شان
کوا حەڵقەی دەرس و دەوری فەقێیان
ئوسووڵ و فرووع، تەفسیر و قورئان
چەمغینی و تەشریح لە عیلمی هەیئەت
ڕیسالەی حیساب کەلام و حیکمەت
کوا حەڵقەی خەتمی بابی ئەهلوڵڵا
حاجی خەلیفە مەلا عەبدوڵڵا
کوانێ خانەقای جێگای سالیکان
کوا وەتاغی بەرز جێگای ئاغاکان
کوا شوغڵی سۆفی کوا جەزبەی مورید
کوا حاجی یاقووب، کوا سۆفی سەعید
کوا بزن و مەڕ و گیسک و کاوڕت
چڵە بەندانی دەوری چادرت
کوا مایین و جوانوو، دوو و سێ و چوار
بەهاران دەچوون بۆ ڕەوە و هەوار
کوا مەزرا و مووچە و ئاش و بناوان
خرینگەی داسی ڕەنجبەر و سەپان
براگیان هەرچەند ئەوزاعم وایە
ڕازیم بە قەزا کاری خودایە
زاهیر تێکچووە باتین ئابادە
فکرم لەسەرخۆ قەلبم ئازادە
ئەعزای زاهیرم ڕاستە سەقیمە
فیکر و حەواسم جەمع و سەلیمە
بە نووری ئیمان دڵم ڕەوشەنە
لە لوتفی خودا دڵم گوڵشەنە
لە کتێبا دیوتە مەعنای دەزانی
قَلب المؤمنعەرەبیی عَرش الرحمنعەرەبیی