هەرچی هەم

لە کتێبی:
شاری دڵ
بەرهەمی:
سەید کامیل ئیمامی (1903-1989)
 1 خولەک  726 بینین
ئەی سەگی دەرگات لە من پاکتر!
چاکتر و چالاکتر و بێ باکتر
ئەو هەموو دەم کایە دەکات و گەمە
ساغ و سەلیم، تێروپڕ و بێ خەمە
من بە زگی برسیی و لات و کزم
ناگەمە دز، ناوەڕم و ناگەزم
ئەو نە خەمی نان و نە ئاوی هەیە
هەرچی کە پێویستە تەواوی هەیە
ئەو، لەشی بۆنخۆشی گوڵاوە، گوڵاو
من بەدەنم پیسە، گڵاوە، گڵاو
ئەو نە خەمی کەس، نە خەمی خۆی هەیە
چونکە هومێدی کەرەمی تۆی هەیە
خۆ منیش ئەی خاوەنی خوانی کەرەم!
پیرەگەماڵی دەری تۆم، هەرچی هەم
من شەل و پیر و کەسەل و ڕەنجەڕۆ
ڕووم ئەوە کردۆتەوە بەر دەرکی تۆ
گەرچی ئەمن زاهیرەکەم «کامڵ»ە
خۆ بە یەقین باتینەکەم باتڵە