بەهاری تازە
لە کتێبی:
شاری دڵ
بەرهەمی:
سەید کامیل ئیمامی (1903-1989)
2 خولەک
866 بینین
وا هات بەهاری تازە، شنەی بای شەماڵە دێ
ناقووسی ژینی پڕ لە هیوای کیژوکاڵە دێ
قاسپەی کەوی بنار و کەژ و کێو و یاڵە دێ
کۆتر لە سەر ڕەوەز بە گمە و ناڵەناڵە دێ
جیکەی مەلە، هەرایە، وشەی باڵی داڵە دێ
شین بوو زەویی و مێگەلەمەڕ ڕۆیی بۆ لەوەڕ
پڕ بوو لە کاڕەکاڕی مەڕی شیو و دەشت و دەر
شوانان کەپەنکی تازەیی خۆیان دەکەن لەبەر
هەڵدێنە نێو هەوارەوە کیژان بە جڵکی تەڕ
بارانە، بایە، گوڕەگوڕی هەوری تاڵە دێ
ڕێک چیغ و چادرن دەدرەوشن لە سەر چیا
وەک خاڵی ڕەش دەچن کە لە سەر ڕوومەتێ درا
ڕندوو لە هەرکوێ ما، کوڵی فرمێسکی هەڵڕژا
بەو بۆنە چا بوو خۆ کوڵی دڵ تۆزێ دامرا
کاتی هەوارە، قیژەیی کابانی ماڵە دێ
دونیا وەکوو بەهەشتە سەراسەر بووە گڵووک
خونچە کە دەستنەخوردەیە وا بۆتە تازەبووک
هەرکەس گوڵێک بە ڕۆح نەکرێ پێی دەڵێن چرووک
کاتی نەماوە کاکە! خەم و ئاهـ و نووکەنووک
کیژان لە گوڵچنین و بزەی چاوی کاڵە دێ
تیپی گوڵان گەیشت و وڵات بوو بە زێو و زەڕ
بولبول بە جۆش و کوڵ لە نێوان شەو دەباتە سەر
شەونم لە سەر چڵۆپی گوڵان کەوت و بوو بە بەر
نەرگس بە بەرگی زەردەوە هێناوییە خەبەر
یانی گوڵاڵەسوورە لە خوێندا شەڵاڵە دێ
ئەمنیش هەژار و دڵبەخەم و چاوەڕێی پەیام
کێهە پەیام! پەیامی ڕەفیقانی وەک برام
پاڕامەوە لە خالیقی بوون و نەبوون، بەڵام
هەروا بە داخەوە گلەمە، هەر نەبوو وەڵام
وێرانە ماڵ و حاڵ و سەدای کوندەلاڵە دێ
خوێندی لە گوێسوانەیی تالاری سەوز و سوور
وێرانی کرد و تێک چوو، نەما کۆشکی پڕ سروور
دەگڕێ دڵی هەژاری «ئیمامیناسناوی ئەدەبی» وەک تەنوور
دەگری، دەڕێژێ خوێنی گەشی دڵ لە خوار و ژوور
هەرکوێ دەچی لە دووری ئەوان زاڵەزاڵە دێ