پاڕانەوە
لە کتێبی:
شاری دڵ
بەرهەمی:
سەید کامیل ئیمامی (1903-1989)
2 خولەک
858 بینین
سەگێکی دەمڕەشی بێ کەڵپە، پیر و کوڵکن و نووزن
دەسووڕێ خوێڕییە! کۆڵان بە کۆڵان، سەد کون و قوژبن
چڵێس و گورگەمێش و بێ وەڕ و بێ پاسی هەروەک من
بە کاری چی دێ یاڕەب! غەیری بەخشین و قەبووڵ کردن؟
بەغەیری پەت لە ئەستۆ خستن و بۆ دەرکی خۆ بردن!
بە تۆ نازیوە تا ئێستا، پەتی لەستۆ خە، ڕایکێشە
ئەگەرچی سەد شتی منداری خوارد وەک پێستە و پێشە
بەڵام موستەوجبی ڕەحمە دڵی پڕدەرد و پڕئێشە
بە سەرسەختی ژیاندت ماوەیەک، بۆیە جگەر ڕێشە
گڵاوە، چی دەگەڵ دێ؟ غەیری بەخشین، پیرەسەی کوڵکن!
سەگێکە گەرچی بێ پاس و وەڕە ئەمما وەفادارە
بە دار مۆخی دەرێنن، دێتەوە بەردەرکی تۆ دیارە
لە دەرک وبانەکەت هەڵناگرێ دەس، چونکە ناچارە
بە بەردی شوانەوێڵەش گەرچی ئەندامی بریندارە
کە خواردی نانی شوانی، دیارە بێ قەدرە سەگی نەوسن
بچۆ بەردەرکی خاوەن خوان و بەخشین، یانی ئەو زاتە
ئەوەی خاوەن زەمان و مانگ و ساڵ و کات و ساعاتە
نییە وێنە و نەزیری، هەر هەیە و هەر بووشە؛ ئیسباتە
بە هیچێ دایمەنێ تا داتنەناوە ئەم دەم و ساتە
کە تۆپی، بێ ڕەواجە کلکەسووتێ، یانە پاڵکەوتن
ئەتۆش «کامیلناسناوی ئەدەبی»! سەگی، ئەمما سەگی بێ کار و بێ پاسی
بە گۆشتی پیسی مندار خواردنە تۆ وا کەڕ و کاسی
بە قوززەڵقورت و دەردت بێ، زگت وەک ماسی هەڵماسی
عەجەب یانیگرێکی، خاوەن و بێگانە ناناسی
نیشانەت دەرکەوت، هێندەت نەماوە بۆ دەمی مردن