تۆبە

لە کتێبی:
شاری دڵ
بەرهەمی:
سەید کامیل ئیمامی (1903-1989)
 1 خولەک  1287 بینین
واعیزێ دەیگوت کەسێ زانا بێ، تۆبەی کردووە
دڵ بە وەعزی وا کەچی، تۆبەی لە تۆبەی کردووە
ئەو دەڵێ دوور بە لە یاری شۆخ و شەنگ و نازەنین
دوور لە یار شێتە کەسێ وەعزی لە گوێچکەی گرتووە
هەر کەسێ بۆی دەس بدا ساتێ لە ئامێزی گرێ
تا لە دونیادا دەژی، دڵخۆشە، ئۆخەی کردووە
من شەوێکی گرتمە ئامێز، کەچی زەینم کە دا
وا ڕەقیبی بەدمەزەب لەولاوە کوشمەی کردووە
تێکی دا عەیشم، شکاندی هەم دڵم، هەم پیاڵەکەم
ماوەیەک بوو ماڕزە لێم ڕوون بوو، سۆسەی کردووە
واعیز و سۆفی و ڕەقیب هەرسێ لەگەڵ من دوژمنن
خاسە مام سۆفی لە کاری ئێمە ڕەخنەی کردووە
دڵ وەکوو تەیرە کە دێتە دەرکی یار، سۆفی دەڵێ
بیکوژن، وەیشووم لە سەر وێرانە لانەی کردووە
کوندەبوو بۆخۆیەتی بەو ڕیشەوە، بەو تیشەوە
ڕیشەکەی تیشەی، هەزار دەست و پەلی پەی کردووە
هەرکەسێکی گەر ئەویندار و بریندار بێ دەڵێ:
سۆفیانی ڕیش درێژ، خوێنیان لە کاسەی کردووە
بۆ «ئیمامیناسناوی ئەدەبی» واعیز و سۆفی و ڕەقیب فەرقی نییە
دڵ بە دەست ئەو سیانەوە گوێت لێیە، وەی وەی کردووە